سۆران.. 720 كەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتن

:: PM:08:22:23/03/2019 ‌

لە شارۆكەی سۆرانی سەر بە پارێزگەی هەولێر لە ماوەی دوو رۆژی پشووی جەژنی نەورۆزدا، 720 كەس گەیەندراونە نەخۆشخانە فریاكەوتن.

كاروان جەمال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی و فریاكەوتنی سۆران ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، لە رۆژی یەكەمی پشووەكانی جەژنی نەورۆزدا، 320 نەخۆش سەردانی بەشی فریاكەوتنیان كردووە و چارەسەریان بۆ كراوە كە 11 یان داخیل كراون.
 
زیاتر گوتی، لەو ژمارەیە شەش بریندای هاتوچۆ و 15 حاڵەتی تێكچوونی گەدە و ڕیخۆڵەكان و سكچوون و ڕشانەوە و هەروەها دوو گواستنەوەی نەخۆش بۆ هەولێر و حاڵەتێكی مردن لەگەڵ چوار برینداری كەوتنەخوارەوە بووە. 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی و فریاكەوتنی سۆران ئاشكرای كرد، لە رۆژی دووەمی جەژنی نەورۆزدا نزیكەی400 نەخۆش سەردانی بەشی فریاكەوتنیان كردووە و چارەسەریان بۆ كراوە، كە 20 نەخۆش داخیل كراون. لەوانە دوو بریندای رووداوی هاتوچۆ و 13حاڵەتی سكچوون و ڕشانەوە و سێ نەشتەرگەری و سێ ڕووداوی یاری ئاگرین رووداوێكی سووتانیش هەبووە لەگەڵ دوو برینداری كەوتنەخوارەوە. 

دووپاتی كردەوە، هەروەها سێ حاڵەتی گواستنەوەی نەخۆشمان بۆ هەولێر هەبووە و سێ حاڵەتی مردنیش تۆمار كراوە. 

شارۆكەی سۆران لە ڕووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە و ناوچەیەكی سنووری و شاخاوییە و بە دووری 110 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە و زیاتر لە 200 هەزار كەس لەو شارۆكەیە دەژین.

سۆران/ موڕشید برادۆستی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل