فەیس بووک لە کەرکووک قەدەغە دەکرێت

:: PM:06:29:02/01/2017 ‌
پۆلیسى شارى کەرکووک، بەکارهێنانى فەیس بووک لە کارمەندان و ئەفسەرانى قەدەغە دەکات، ئەمەش بۆ پاراستنى دۆخى تەناهى شارەکەیە.

ئەمڕۆ دووشەم لە نووسراوێکى فەرمى عەمید خەتاب عومەر بەڕێوەبەرى پۆلیسى شارى کەرکووک، ئاراستەى سەرجەم بنکەکانى پۆلیسى کردووە تیایدا هاتووە، نووسینگەیەکى تایبەت بە چاودێریکردنى ئەفسەران لەلایەن وەزارەتى ناوەخۆى عێراق پێک هێنراوە بۆ سزادانى ئەو ئەفسەرانەى بەبآ ڕەزامەندى وەزارەت چالاکییەکانیان لە سۆشیال میدیا وەکو فەیسبووک و تویتەر و... هتد بڵاو دەکەنەوە.

بەڕێوەبەرى پۆلیسى کەرکووک لە نووسراوەکەى دەڵێت، نابێت هیچ ئەفسەرێک بە جلوبەرگى سەربازییەوە چالاکییەکانی بڵاو بکاتەوە، ئەگەر ئەو چالاکییە کەسییش بێت، هەر کەسێکیش سەرپێچى ئەو بڕیارە بکات دادگەى سەربازى لەسەر پێک دەهێنرێت.

بەڕێوەبەرى پۆلیسى شارەکە ئاشکراى کردووە، ئێستە ئەم بڕیارە چووەتە بوارى جێبەجێکردن بەمەبەستى کۆنتڕۆڵکردنى دۆخى تەناهى شارەکە.

ئەم نووسراوەى بەڕێوەبەرى گشتى پۆلیسى کەرکووک، لە کاتێکدایە لە ماوەى ڕابڕدوو لەکاتى هێرشەکانى داعش بۆ سەر شارى کەرکووک بەشى زۆرى هێزەکانى پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە وێنەى کوشتن و شەڕى ناو شارەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردەوە.



وشە - رامیار جەواد