له سێ رۆژى جه‌ژنى نه‌ورۆز له سنوورى پارێزگاى دهۆك به‌هۆى رووداوى جیاواز 20 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و 201 كه‌سى تریش له دایكبوون.
ئەمڕۆ یەکشەم 24ی ئادار، هه‌مزه ره‌زیكى، به‌رپرسى راگه‌یاندنى بەڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى دهۆك له كونگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له سێ رۆژى جه‌ژنى نه‌ورۆز له سنوورى پارێزگاى دهۆك 20 كه‌س به‌هۆى رووداوى جیاواز گیانیان له‌ده‌ستداوه.
زیاتر روونی دەکاتەوە، "ئه‌و كه‌سانه‌ى كه گیانیان له ده‌ست داوه هۆكاره‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رووداوى هاتووچۆ و وەستانی دڵ و مێشك و نه‌خۆشى تر، هه‌روه‌ها 201 منداڵ له دایك بوون كه ئه‌وانیش 119 كور و 81 كچ بوون"
به‌رپرسى راگه‌یاندنى بەڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى دهۆك دووپاتی دەکاتەوە، هه‌زار و 593 كه‌س له سه‌یرانگاكانى سنوورى پارێزگاى دهۆك پێوه‌ندییان به بنكه ته‌ندروستییه‌كانى گه‌رۆك و هێڵى 122ى فریاكه‌وتن كردووە، له‌وانه 120 كه‌س گه‌یه‌نراونەتە بنكه ته‌ندروستییه‌كان، هه‌روه‌ها له‌و ژماره‌یه 224 كه‌س له میحوه‌رى ناوه‌ران -باشووك پێوه‌ندىیان به تیمه‌كانى ته‌ندروستى و فریاكه‌وتن كردووە، به شێوه‌یه‌كى گشتى 14 هه‌زار و 504 كه‌س سه‌ردانى بنكه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كانیان كردووه و 112 نه‌شته‌رگه‌رى جیاواز بۆ نه‌خۆش ئه‌نجام دراوە.
به‌هۆى رووداوه‌كانى هاتوچۆ له سنوورى پارێزگاى دهۆك 40 كه‌س بونه‌ته قوربانى كه دووانیان گیانیان لە دەست داوە و 38 کەسیشیان بریندار بوون، بێجگه‌له‌مه هه‌شت رووداوى شەڕ کردن له سه‌یرانگا و شوێنەکانى تر روویداوه.
دهۆك/نه‌وزاد هلۆرى