یه‌كه‌م پاسپۆرتی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ كچه‌ شه‌هیدێك درا

:: PM:02:11:24/03/2019 ‌
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە كرایەوە و پارێزگاری هەڵەبجە خۆشحاڵی خەڵكی هەڵەبجەی ڕاگەیاند و یەکەم پاسپۆرتیش درایە هاووڵاتییەکی ئەو پارێزگایە

ئەمڕۆ یەکشەم 24ی ئادار، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە كرایەوە و لە كەمترین ماوەدا پاسپۆرت درایە دوو هاووڵاتی.

لەبارەی ئەوەی تا چەند وابەستەن بە پاسپۆرتی سلێمانی و ئایا هاووڵاتییانی هەڵەبجە چیتر ناچنە سلێمانی بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت پارێزگاری هەڵەبجە گوتی،  هەموو كارەكانی تایبەت بە دەرهێنانی پاسپۆرت لە هەڵەبجە دەكرێت و بۆ هیچ شتێك هاووڵاتی نانێردرێتە پاسپۆرتی سلێمانی.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لە سەرەتادا پاسپۆرتی سلێمانی هاوكاریمان دەكات و كارمەندی پاسپۆرتی سلێمانی لێرە كارەكانی هاووڵاتییان جێبەجێ دەكەن تا ئەوكاتەی دامەزراندن دەكرێتەوە و كارمەندی پێویست دادەمەرزرێت بۆ پاسپۆرتی هەڵەبجە .

سارا ئیسماعیل حسین خاوەنی یەكەم پاسپۆرتی هەڵەبجە کە ئەمڕۆ پاسپۆرتی پێ دراوە بە وشەی گوت،  دڵخۆشم وەك كچە شەهیدێكی هەڵەبجەیی ئەمڕۆ لە هەڵەبجە پاسپۆرتم وەرگرت، هیوادارم لایەنە پێوەندیدارەكان هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی دیكە بهێننەوە هەڵەبجە و خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییان دابین بكەن.

ئەو پاسپۆرتەی لە هەڵەبجە دەردەهێنرێت لەبری ناوی هەڵەبجە سلێمانی لەسەر نوسراوە، بەرپرسانی پاسپۆرتیش ئاماژەیان بەوە دەكرد كە پاسپۆرتی هەڵەبجە لە ڕەزامەندی حكوومەتی عیراقدا بە پاسپۆرتی سلێمانی4 ناوی هاتووە و تا دەركردنی فەرمانی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە و دەركردنی دیزاینی نوێ تایبەت بە پاسپۆرتی هەڵەبجە بەو شێوەیە دەبێت .

هەڵەبجە/ شەفیق بانیشاری








وشە - وشه‌