خواردنی ئەو خۆراكانەی كە بڕێكی زۆر شەكریان تێدایە بێگومان وزەیەكی زۆر بەلەش دەدەن، وا دەكەن باشتر هەست بكەیت بەڕێكی تەندروستیت لە رووی وزەوە، بەڵام كاریگەری زۆری هەیە لەسەر تەندروستی لەش بەگشتی بەتایبەتی مەترسی نەخۆشی شەكرە زیاد دەكات و لەگەڵا شێرپەنجە و شەكرەی جۆری دووەمی و رزینی ددانەكان و هەروەها نەخۆشیی دڵ. هەرچەندە میوە و سەوزەكان بڕێكی زۆر شەكریان تێدایە، بەڵام لەگەڵ شەكرەكەدا چەندان پێكهاتەی تری تێدایە لەگەڵا ناوەڕۆكی خۆراكی كە هاوسەنگی لەنێوان رێژەی شەكردا دروست دەكات.
لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت كە دەڵێن چۆن بتوانین بەكارهێنانی شەكر كەم بكەینەوە؟
یەكەم: بەكارهێنان و خواردنی ئەو خۆراكانە كەم بكەرەوە كە شەكریان تێدایە، خواردنەوە گازیەكان و خواردنەوە وزەبەخشەكان، شەربەتی میوەی دەستكرد بڕێكی زۆر شەكر لە دروستكردنیاندا بەكار دەهێنرێت كە بڕێكی زۆر شەكر دەكەنە سیستەمی لەشەوە و بەمەش زیانێكی زۆر بۆ لەش دروست دەكەن. باشتر وایە لە بری ئەم خواردنەوە گازییانە و وزە بەخشانە تەنیا ئاو بخورێتەوە كە پێویستە بۆ لەش یان دەتوانرێت خەیار یان نەعناع بۆ ئاوی خواردنەوە زیاد بكرێت بۆ ئەوەی تامێكی خۆشتری هەبێت.
دووەم: هاوكاری لە كەسی بەرانبەر وەربگرە، ئەگەر بڕیارت دا خواردنی شەكر كەم بكەیتەوە، ئەوە پێویستە یەكێك لە پشت ئەم بڕیارەوە هانت بدات بۆ ئەوەی دوودڵ نەبیت لەو بڕیارەی كە داوتە یان كەسێك هەبێت لە خێزانەكەت بەهەمانشێوە بیر لە نەخواردنی شەكر بكاتەوە، بەم شێوەیە ئەنجامێكی باشتری دەبێت و حەزت بۆ خواردنی شەكر و شیرینی كەم دەبێتەوە.
سێیەم: شیرینی تەندروست بخۆ، زۆر كات شیرینی لەدوای ژەمەكان دەخورێت. بەتایبەتی لەو كاتانەی كە ژەمی سەرەكی لە دەرەوە دەخورێت. ئەو شیرینییانەی كە دەیخۆین بڕێكی زۆر شەكری تێدایە كە كار لە هاوسەنگی شەكری خوێن دەكات، باشتر وایە جۆری ئەو شیرینیە بگۆڕێت كە بەردەوام دەیخۆین و لەبری ئەوە باشتر وایە ماست و میوە تێكەڵ بكرێت یان میوە لەگەڵ كرێم بخورێت، بەم شێوەیە رێژەیەكی كەمتر شەكر دەچێتە پێكهاتەی لەشەوە.
چوارەم: بیركردنەوەت فراوان بكە، زۆر لە ئێمە كاتێك خۆراكێك یان شتێكمان لێ قەدەغە دەكرێت هەستی نەرێنی لە مێشكماندا دروست دەبێت، ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارانەی كە وادەكات نەتوانین لەسەر ئەو كارە بەردەوام بین كە دەمانەوێت. بیر بكەرەوە كە وازهێنان لە شەكر وادەكات لەشت بڕێكی زیاتر چەوری بسووتێنێت و ئەو خۆراكەی دەیخۆیت باشتر هەرس بكرێت.
پێنجەم: خۆراكی پڕ لە چەوری بخۆ، رەنگە بڕێكی كەم لەو خۆراكانە بخۆیت كە چەورییان تێدایە وەك كەرە و زەڵاتە بە زەیت و تەنانەت ماست، چونكە زۆر گوتراوە كە خۆراكی چەور زیان بەلەش دەگەیەنێت، بەڵام كەم خواردنی خۆراكی چەور وادەكات بڕێكی زیاتر شەكر بخۆیت بۆ ئەوەی وزەی پێویستت هەبێت. ئەگەر بتەوێت بڕێكی كەم شەكر بەلەشت بگات، باشتر وایە ئەو خۆراكانە بەكار بهێنرێت كە چەوریان زۆرە و شەكریان تێدا نییە بۆ ئەوەی زیانی شەكرەكە بەلەش نەگات.