ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی چرچبوونی پێست

:: PM:04:02:24/03/2019 ‌

كرداری پیربوون زۆركات بۆ خۆدانەبەر تیشكی خۆر دەگەڕێتەوە، بەڵام تێپەڕبوونی تەمەن كار لە ئیلاستیكی و كۆلاجینی پێست دەكات و بەم شێوەیەش دەبێتە هۆی دەركەوتنی چرچی لەسەر پێست. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر هۆكاری تر هەیە كە بەهەمانشێوە كار لەسەر پێست دەكەن و دەبنە هۆی خێراكردنی كرداری پیربوون و دروستبوونی چرچی پێست. ئەگەر بتەوێت ئەو هۆكارانە بزانیت كە دەبنە هۆی دروستبوونی چرچی پێست ئەوە پێویستە ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخوێنێتەوە.

یەكەم: چاو داخستن و پەستان، زۆر كات داخستی چاوەكان لە ئەنجامی ئازارێكی زۆر لە چاوەكان یان ژانەسەرەوە دروست دەبێت ئەم چاو داخستنە دەبێتە هۆی دروستبوونی چرچی بازنەی چاو، چونكە بەردەوان ماسولكەی چاوەكان چڕ دەبنەوە و دیسان خاو دەبنەوە بەم شێوەیەك لاستیكی پێست كەم دەبێتەوە و دەبێتە هۆی دروستبوونی چرچ .

دووەم: بەكارهێنانی قەسەب خواردنەوە، زۆركات قەسەب بەكار دەهێنرێت بۆ پارێزگاریكردن لە پیسبوونی لێو و ددان، بەڵام خواردنەوە لە رێی قەسەبەوە دەبێتـە هۆی دروستبوونی چرچ لە چواردەوری لێودا، چونكە لێوەكان لە كاتی خواردنەوەدا چر دەبنەوە و بەمەش چرچ دروست دەبێت و ئەگەر بەردەوام قەسەبە بەكار بهێنرێت، ئەوە لە ماوەیەكی كەمدا چرچ لە دەروی لێوەكاندا دروست دەبێت كە نیشانەیەكە بۆ پیربوونی پێست.

سێیەم: جگەرەكێشان، دوو هۆكار هەیە كە دەڵێت جگەرەكێشان كار لە پیربوونی پێست دەكات. یەكەمیان، راكێشانی لێو بەهەمانشێوەی بەكارهێنانی قەسەب كە دەبێتە هۆی دروستبوونی چرچ. دووەمیان ژەهرێكی زۆر دەكاتە لەشەوە بەمەش كرداری پیربوونی پێست خێراتر دەكات.

چوارەم: بەكارهێنانی شەكر، بەكارهێنانی برێكی زۆر شەكر دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوكردن كە كار لە تەندروستی و جوانی پێست دەكات و چەندان نیشانەی جۆراوجۆر لە پێستدا دەردەكەوێت و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دەركەوتنی چرچی لەسەر پێست و خێراپیربوونی پێست.

پێنجەم: خۆراكی ناتەندروست، نەك تەنیا شەكر دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوكردن، بەڵكو چەندان خۆراكی خێرا و دروستكراو هەن بەهەمانشێوە دەبنە هۆكارێك بۆ هەوكردنی لەش و كار لەسەر پێست دەكەن و دەبنە هۆی پیربوونی پێست بۆیە باشتر وایە ئەو خۆراكانە بخورێت كە بەشێوەیەكی تەندروست ئامادە دەكرێت و پێكهاتەكانیان ئەندامین.

شەشەم: وەرزشكردنی زۆر، هەموومان دەزانین كە وەرزشكردن باشە بۆ لەش و تەندروستی باشتر دەكات، بەڵام بەپێی شارەزایانی پزیشكی زۆر وەرزشكردن زیان بەلەش دەگەیەنێت، بۆ نموونە راهێنانی زۆر دەتوانێت كرداری پیربوون خێرا بكات بەهۆی زۆر هیلاكبوونی ماسولكەكانەوە نەك تەنیا كار لە پێست دەكات بەڵكو زیان بە دڵ و مێشك و جومگەكانی لەش دەگەیەنێت.

حەوتەم: فشاری درێژخایەن، فشاری درێژخایەن بەهەمانشێوە بەیەكێك لەو هۆكارانە دادەنرێت كە دەبێتە هۆی چرچبوونی پێست. چونكە ئەو هۆرمۆنانەی كەلە كاتی دروستبوونی فشاردا دەردەدرێت دەبنە هۆی خێراكردنی كرداری پیربوون بەمەش هەستی خواردن كەم دەببێتەوە و زیاتر بیر لە خواردنەوە كحولیەكان و جگەرەكێشان دەكرێتەوە و نووستن كەم دەبێتەوە بێگومان ئەم گۆرانكاڕییانە كار لە پێست و تەندروستی لەش دەكەن و ئەگەر درێژخایەن بێت، ئەوا دەبێتە هۆكارێك بۆ خێراپیربوونی پێست.
  



وشە - ئاوات ئازاد