بارزانی له‌باره‌ی شه‌ڕی مووسڵ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

:: PM:02:24:15/10/2016 ‌



مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یامێكدا ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ ئامادەكاریی تەواو بۆ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كراوە و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێككەوتن لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقیدا كراوە.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌موو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ماوەیەكی درێژە لە ڕاگەیاندن و ناوەندە سیاسییەكانی ناوخۆ و دەرەوە باس لە ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ دەكرێت و، تێكشكاندنی داعش و ئازادكردنی مووسڵیش بۆ هەرێمی كوردستان بایەخ و گرنگیی تایبەتی هەیە و ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستانە.

بە پێویستی دەزانم لەمبارەیەوە بە هەموو لایەك ڕابگەیێنم كە ئامادەكاریی تەواو بۆ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كراوە و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێككەوتن لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقیدا كراوە. لەو ڕێككەوتنەیشدا چۆنییەتی ئۆپەراسیۆنەكە و كار و ئەركی سەربازیی هەموو هێز و یەكە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنەكە بە وردی دیاری كراوە و، پابەندبوونی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دووپات دەكەینەوە. هەماهەنگیی تەواو هەیە لەنێوان پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقی و هەموو هەوڵێكیش دەدرێت كە پێكەوە نەهێڵین هیچ ڕووداوێكی نەخوازراو بێتە پێش.

هەروەها هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە كۆمیتەیەكی باڵای سیاسی و هاوبەش پێكبهێنرێت بۆ كۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتیكردنی بارودۆخ و پێشهاتەكان لە دوای ئازادكردنی مووسڵ.

ئومێدی ئەوە دەخوازم ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ سەركەوتووانە ئەنجام بدرێت و دانیشتوانی شاری مووسڵ لە زوڵمی تیرۆریستانی داعش ڕزگاریان بێت و خەڵكی ئاوارەی مووسڵ و پارێزگای نەینەوا بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە شار و ناوچەكانی خۆیان.
مسعود بارزانی
15ـی 10ـی 2016


وشە/ کوردۆ شابان



وشە - كوردۆ شابان