شارەزایان: دیپلۆماسیەتی نوێی عێراق شمشێرێكی دووسەرە

:: PM:06:26:24/03/2019 ‌

لە 2014 هەموو دنیا وای دەزانی كە كۆتاهاتنی دەوڵەتی عێراقی نزیك بووەتەوە، ئەوكاتەی رێكخراوی داعش هێرشێكی گەورەی كردە سەر ناوچەیەكی فرەوانی و سەرخان و ژێرخانی وێران كرد و سنوورەكانی رۆژئاوای هەڵوەشاندەوە و هەڕەشەكانی گەیشتە بن بەغدای پایەتەخت، بەڵام دوای پێنج ساڵ وا خەریكە وڵاتی جەنگ و تەنگژەكان دەیەوێت رۆڵی سیاسی خۆی بەدەست بێنێتەوە كە لە سایەی لاگیری ناوخۆیی جیاوازدا بووەتە شمشێرێكی دووسەرە. 

لە نێوان ئێران و ئەمەریكا و سعوودیە و توركیا و سووریا و قەتەڕ، ئەمڕۆ عێراق بووەتە سندووقێكی پۆستە بۆ وڵاتانی ناوچەكە یان ئەوانەی وەك یاریكار تیایدا رۆڵ دەبینن لە سایەی بوونی پێوەندییەكی دیپلۆماسی پچڕاو لەگەڵ هەندێكیان و درزتێكەوتننی ستراتیجی لەگەڵ هەندێكیتریانەوە. 

لە دوای گەمارۆیەكی نێودەوڵەتی سەخت بۆ ماوەی 10 ساڵ لە سەرەدەمی سەدام حوسێن و زیاتر لە 15 ساڵ لە جەنگی خوێناوی، لە چەند مانگی داهاتوودا عێراق بووەتەوە شوێنی هەڵنیشتنەوەی فڕۆكەی بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا و ناوچەكە كاتێك هەریەك لە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن و حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران سەردانیان كرد و بڕیاریشە بەمنزیكانە هەریەك لە ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا سەردانی بكەن.

ئیحسان شمەری، سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی عێراقی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی هەواڵی فڕەنسا، عێراق وەك "پردە دەوڵەت"، وەسف دەكات، بۆیە وەك هەندێك دەڵێن بەغدا بووەتە "پۆستەچی"، ئەوەیش دوای ئەوەی بەمدواییە حكوومەتی عێراق رۆڵی میانگیری بینی لە نێوان قەتەڕ و سووریا لە چوارچێوەی هەوڵەكانی دیمەشق بۆ گەڕانەوەی بۆ باوەشی عەرەبی و سەرچاوەیەكی حكوومەتی عێراق ئاشكرای دەكات كە سەردانەكەی فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بۆ ریاز بۆ گواستنەوەی پەیامێكی ئێران و توركیا و سووریا بووە لەبارەی رێوشوێنە نوێیەكان لە ناوچەكەدا. 

كەریم بەیتار، شارەزا لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی پێوەندییە نێودەوڵەتی و ستراتیجییەكان لە پاریس دووپاتی كردەوە كە ئەمڕۆ عێراق بووەتە یاریكەرێكی سەرەكی لە ناوچەكە، بەڵام ئەو خۆنزیككردنەوە لە بەغدا لەبەر هۆكاری هەڵەن، چونكە ئەوەی زانراوە كە لە كۆنەوە وڵاتی رافیدەین شوێنی ململانێی مێژووییە لەسەر دەسەڵات لە نێوان واشنتن كە سەربازەكانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراقن و لەگەڵ تاران كە پاڵپشتی چەندان گرووپی شیعە دەكات لە عێراق و رۆڵیان لە لەناوبردنی رێكخراوی داعش هەبوو.  

بەیتار دەڵێت، ئەگەر ئەو راكێش راكێشانە نەبووایە ئێستە ئاوەدانكردنەوەی عێراق و یەكخستنی دەسەڵاتی ناوەند خێراتر و ئاسانتر دەبوو، كەچی عێراق بووەتە گۆڕەپانی جەنگێكی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی دوای ئەوەی جەنگێكی سەربازی بوو، لای خۆیەوە شمەری دووپاتی دەكاتەوە كە تەنگژەكانی ناوچەكە زۆر لەوە قووڵترن لەوەی عێراق بگاتە پێگەی دەستپێشخەر.

بەڵام خەریكە ئەو بایەی لە پەرلەمانی عێراقەوە هەڵدەكات كە فراكسیۆنەكانی نەیار بۆ ئەمەریكا بەسەریدا زاڵن، بە دڵی كەشتییەكەی حكوومەت نییە كە هەوڵ دەدات سیاسەتی ناوخۆی عێراق بەشێوەیەك دیاری بكات كە پێچەوانەی سیاسەتی دەرەوەی حكوومەتە، كە رەنگە بەو هۆیەوە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی دووچاری فشارێكی زۆر ببێتەوە لە دوای سەردانەكەی پاتریك شاناهان وەزیری بەرگری ئەمەریكا بە وەكالەت بۆ بەغدا كە هاوكات بوو لەگەڵ هەوڵی ژمارەیەك پەرلەمانتاری شیعە بۆ خستنەڕووی پڕۆژە یاسایەك لەناو پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق. لەو كاتەی شاناهان داوای لە عەبدولمەهدی كردووە كە هەڵوێستی عێراق دیاری بكات لەبەرانبەر پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەك لەدژی ئێران لە ناوچەكە. 

بۆیە سیاسەتی بەسفركردنەوەی كێشەكان كە حكوومەتی عێراق دەیەوێت لەگەڵ یاریكەرانی سەر گۆڕەپانی ناوچەكە پێڕەوی بكات، بەربەستی هەوڵەكانی لایەنگرانی وڵاتانی ناوچەكە لە عێراق دەكات وەك فەنەر حەداد، شارەزا لە كاروباری عێراق و توێژەر لە پەیمانگای رۆژهەلاتی ناوەڕاست لە زانكۆی سەنگافوور ئاماژەی بۆ دەكات.

بەیتار دەڵێت، ئەوەی روودەدات نیگەرانی لای ئێران یان ئەمەریكا دروست دەكات، لەوكاتەی حكوومەتی عێراق ناچارە پارێزگاری لە پێوەندییەكی دۆستانە لەگەڵ هەردووكیاندا بكات، بۆیە هەر هەنگاوێكی پێژەوانەی ئەوە دەستكەوتە دیپلۆماسیەكانی دوایی عێراق لەناو دەبات و سەقامگیری ناوخۆیی دەشێوێنێت، وەك حەداد ئاماژەی بۆ دەكات.

دوای راگەیاندنی شكانی سەربازی داعش لە عێراق، ئەو وڵاتە دووبارە بە رووی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە كرایەوە لەگەڵ ئوردن و سعوودیە و كوێت و سووریا و تەنانەت هەموو یاركەرەكانی سەر گۆڕەپانی سووریا لە رووسیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و كورد و ئۆپۆزسیۆن و حكوومەتی سووریایش، هاوكات وڵاتانی رۆژئاوا ئاماژە بۆ گرنگی هاوبەشی گەڵ عێراق دووپات دەكەنەوە كە سەرچاوەیەكی سەربازی رۆژئاوا لەو بارەوە دەڵێت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بۆ راهێنانی دوو سەت هەزار كارمەندی تەناهی لە عێراق خەرج كردووە، بۆ هاوپەیمانیەتییەكە پێشبینی داهاتوویەكی گەش بۆ عێراق دەكات و دڵنیایە لەوەی رۆڵێكی كاریگەری لە ناوچەكە دەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل