بە پایسكیلەكەی پەیامی ئاشتی لە زاخۆوە دەگەیەنێتە فاو

:: PM:07:57:24/03/2019 ‌
وەرزشوانێكی ئێزیدی بە پایسكيلەكەی نزیكەی دوو هەزار و 500 كیلۆمەتر دەبڕێت بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی لە زاخۆوە بۆ فاو. عەبدولخاڵق عەبدولحەق دەڵێ، تەواوی رێگایەكەی بە تەنیا بڕیوە و پڕ لە مەترسیش بووە، "پلانم داناوە هەمان گەشت بۆ ئیستانبوڵ ئەنجام بدەم".

ئەمڕۆ 24ی ئادار/ مارس، گەنجێكی ئێزیدی بە ناوی عەبدولخاڵق عەبدولحەق حەیدەر كە پایسكلسوارە، دەڵێ لە رێگەی پایسكيلەكەیەوە پەیامی ئاشتی لە زاخۆ گەیاندووەتە فاو كە دوا خاڵی سنووری عێراقە.

عەبدولخاڵق وەك خۆی باسی دەكات تەواوی رێگایەكەی بە 15 رۆژ بڕیوە كە دوو هەزار و 467 كیلۆمەتر بووە، لە شارۆكەی زاخۆ لە سنووری پارێزگای دهۆك لە هەرێمی كوردستان كە دەكاتە باكوری عێراق، بەرەو شارۆكەی فاو لە سنووری پارێزگای بەسڕە كە دەكاتە باشووری عێراق، بە تەنیا بڕیوە.

ئەو گوتی "گەشتەكە نزیكەی 15 رۆژی خایاند و ئەگەرچی رێگایەكە مەترسیشی تێدا بوو بەڵام ئامانجی من گەیاندنی پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی بوو لەنێوان پێكهاتەكانی عێراقی".

عەبدولحاڵق دووپات لە هەبوونی مەترسی لەسەر رێگایەكەی دەكات بەتایبەت لە ناوچە گەرمەكانی پاشماوەی شەڕی داعش، دەڵێ ناوچەیەكی زۆر بەرفراوان هەبوو كە هیچ هێزێكی تەناهی لێ نەبوو، بەڵام من بڕیارمدا بوو رێگایەكە بە تەنیا ببڕم بێ هیچ پاسەوانێك.

روونی كردەوە بۆ یەكەمجاری بووە كە سەردانی پارێزگاكانی باشووری عێراق بكات، ئاشكرای كرد لە گەشتەكەیدا پشتی بەستوورە بە "G. P. S."، گوتی "ئەگەرچی گەشتەكە تاقەت پڕوكێنی كردم، بەڵام هەستم بە شانازی كرد كە دەبمە یەكەم عێراقی بە پایسكل لە زاخۆ گەشت بكەم بۆ فاو، جگە لەمەش لەو گەشتەدا دۆستایەتیم لەگەڵ تەواوی پێكهاتەكانی عێراقی پەیدا كردووە، ئەمەش زۆر دڵخۆشی كردم".

ئەو گەنجە ئێزیدییە ئاماژەی بەوەدا كە ئەوە یەكەمین گەشت و دواهەمینی نابێت بەڵكو پلان دادەنێت تا گەشتێكی هاوشێوەی ئەوە ئەمجارە بۆ ئیستانبوڵ ئەنجام بدات و هەمان پەیام بگەیەنێت.

جێی بیرخستنەوەیە عەبدولخاڵقی وەرزشوان پێشتر هەمان گەشتی لەنێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بە پایسكلەكەی ئەنجام داوە.
 



وشە - فه‌رمان سادق