بەتوانای ملیۆنێك بەرمیل نەوت عێراق بۆڕییەك بۆ ئوردن ڕادەكێشێت

:: PM:09:50:24/03/2019 ‌
لە كاتێكدا نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەكانی بەسڕە و جەیهانی توركی بە بازاڕ دەكرێت، وەزارەتی نەوت دەڵێ، پلانیان داناوە بۆڕییەكی نەوتی لە بەسڕەوە بۆ ئوردن رابكێشن تا نەوتی بە بازاڕەكانی وڵاتانی باكوری ئەفریقیا بگەیەنن كە توانای گواستنەوەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێكدا.


ئەمڕۆ یەكشەم 24ی ئادار/ مارس، وەزارەتی نەوتی عێراق رای گەیاند، كار كردن لە پڕۆژەی نەوتی عێراقی ئوردنی نزیك دەبێتەوە لە كۆتاییەكەی و ئاماژە بەوەش دەدات ئەو بۆڕییەی نەوتی عێراق دەگوازێتەوە بۆ ئوردن توانای گەیاندنی ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رۆژانەی زیاتر هەیە.


عاسم جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراقی رای گەیاند، ئەو بۆڕییە نەوتییەی عێراق بە ئوردن دەگەیەنێت، نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی بەسڕە دەگوازێتەوە بۆ ناوچەی حەدیسە و پاشان دەریای عەقەبە لە ئوردن، لە قۆناغی یەكەمیدا توانای گواستنەوەی زیاتر لە ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە.


گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراقی لە بەیاننامەیەكدا ئەوەشی خستەڕوو كە قۆناغی یەكەمی راكێشانی بۆڕییە نەوتییەكە نزیك دەبێتەوە لە كۆتایی هاتنی، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزاری وزە لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دا، گوتی "بۆ تێچووی دروست كردنەكەی وەزارەتی نەوت لە هەوڵ دایە لەگەڵ كۆمپانیایەكی تایبەتمەند گرێبەستی وەبەرهێنانی بكات كە بەشێك لە داهاتی بۆڕییە نەوتییەكە بۆ كۆمپانیایەكە بێت" زیاتر گوتی "بە تەواو بوونی پڕۆژەكە ئەوا نەوتی عێراق دەگات بە بازاڕەكانی وڵاتانی میسڕ و ئەفریقیا".

جێی باسە ئێستە عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری بەسڕە بە بازاڕ دەكات، لە هەوڵیش دایە بۆ بە بازاڕكردنی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕی نەوتی كوردستان و بەندەری جەیهان لە توركیا.



وشە - فه‌رمان سادق