دوای ئەو بارانە زۆرەی شەوی رابردوو لە هەولێر باری، ئاستی ئاوی دۆڵ و كەند و رووبارەكان بەرز بووەتەوە و لە هەندێك شوێن رێی هاتوچۆی هاووڵاتییان و شوفێرانی پچڕاندووە.
یەكێك لەو شوێنانەی لە نزیك هەولێر ئاوەكەی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە، كەندی كۆڕنیشە كە لە شەقامی سەرەكی كۆیە-هەولێر دەست پێ دەكات و دوای بڕینی بە شەقامی سەرەكی هەولێر-كەركووك لە سەرووی گەڕەكی ژیانەوە بەرەو خوارووی هەولێر شۆڕ دەبێتەوە و دواجار تێكەڵ بە زێی گەورە دەبێت.
خۆی ئەم كەندە تەنیا لە كاتی بارانێكی زۆر ئاوی هەیە و لە كاتەكانی تردا وشكە و ئاوەڕۆی بەشێك لە شاری هەولێر بەم ناوچەیەدا تێپەڕ دەبێت.
بەهۆی بارانی شەوی رابردوو ئاوەكە ئەوەندە بەرز بووەتەوە كە رێی نێوان هەولێر و هەردوو گەڕەكی ئاوێنە و هیران 2ی پچڕاندووە. هاووڵاتییان دەڵێن هیچ كاتێك نەیانبینیوە ئاو لەم كەندە تا ئەم ئاستە بەرز ببێتەوە و وەك لە ڤیدیۆكەی خوارەوە خراوەتەڕوو كەندەكە زیاتر لە رووبارێكی بەخوڕ دەچێت.
پێویستە بگوترێت لە ساڵانی رابردوو زۆر جار بەرزبوونەوەی ئاو لە كەندەكە زیانی بە گەڕەكەكان دەگەیاند، بەڵام بەهۆی پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆی ئاوەڕۆ كە لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە جێبەجێ كرا، بەرزبوونەوەی ئاوەكە زیانێكی ئەوتۆی بە هاووڵاتییان نەگەیاندووە.
هەرچەندە ئاوەكە وەرزییە، بەڵام دەكرێ بە پڕۆژەیەك گل بدرێتەوە و دواجار لە هاویناندا سوود لەم سەرچاوە سروشتییە وەربگیرێت.