عەلی بابە مەترسی لەسەر سلێمانی دروست دەكات

:: PM:12:15:25/03/2019 ‌
لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێكی زۆر چەرەسی جۆری (عەلی بابا)ی رەنگ كراودا دەگرن كە شیاوی خواردن نییە و مەترسیدارە بۆ منداڵان.

ئەمڕۆ دووشەم 25ـی ئادار، ئازاد نەبی نوێنەری تەندروستی سلێمانی لە لیژنەكان بە سایتی قایمقامیەتی سلێمانی راگەیاندووە، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتەوە دەست بەسەر بڕێكی زۆری چەرەسی عەلی بابادا گیراوە كە بە (لیمۆندۆزی) و رەنگكردنی ئامادە كراوە بۆ فرۆشتن.

ئاشكرای كردووە، پێشتر لیژنەكانی قایمقامییەت هەموو ئەو فڕن و شوێنانەی ئاگەدار كردووەتەوە لیۆمۆندۆزی زۆر و رەنگ بەكار نەهێنن لەكاتی ئامادەكردنی چەرەساتدا، بەڵام لەكاتی ‌پشكنیندا دەركەوتووە ئەو رەنگەی لە ئامادەكردنی چەرەساتەكاندا بەكاری دەهێنن، لە جەستەی مرۆڤدا دەنیشێت و‌ كاریگەریی لەسەر نەمانی بەرگریی لەش دروست دەكات.

نوێنەرەكەی تەندروستی سلێمانی داوا لە دایكان و باوكان دەكات ئاگەداری ئەو جۆرە خۆراكانە بن منداڵەكانیان لە فرۆشگای خوێندنگاكان یان لە دووكانی گەڕەكەكان دەیكڕن، لەكاتی هەبوونی خۆراكی نەشیاو و ماوه ‌بەسەرچوودا لە رێی ژمارە (07708677777) لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی لێ ئاگادار بكەنەوە.

ئازاد نەبی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد؛ تەواوی ئەو بڕە باباعەلییەی دەستی بەسەردا گیراوە لەناو دەبرێت و خاوەنەكەی رووبەڕووی رێكاریی یاسایی دەكرێتەوە.





وشە - رامیار جەواد