لافاو هەڕەشە لە گەرمیان دەکات

:: PM:01:49:25/03/2019 ‌

مازن عەبدولكەریم، بەرێوەبەری شارەدێی مەندەلی بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، تەواوی دامودەزگا حكوومیەكان لە مەندەلی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە چونكە لە دیوی ئێران لافاو هەستاوە و مەترسی بۆ مەندەلی درووست کردووە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بەرزی ئاستی ئێران بە بەراورد بە ناوچەكانی مەندەلی و دەوروبەری وای كردوە باران و لافاوی ئەو وڵاتە برژێتە مەندەلییەوە و داوامان لە بەرپرسانی پارێزگا کردووە ئامێر و تیمی تایبەتمەندمان بۆ بنێرن.

هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی دەربەندیخان، داڕوخانی پردی (دەرەدۆین)ی راگەیاند لەنێوان ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی.
نەقیب رێژەن بورهان، بەرێوەبەری  بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی دەربەندیخان بۆ"وشە"  ئاشكرایكرد، بەهۆی ئەو بارانەی چەند سەعاتێکە بەردەوامە، پردی (دەرەدۆین) كە دەكەوێتە سەر ڕێگای دەربەندیخان-كەلار داڕووخاوە و بە تەواوی ڕێگاكە گیراوە، هەروەها ڕێگای هاتوچۆ بەهیچ شێوەیەك نییە.

 لە شارۆکەی کەلاریش سیروان حەسەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی شارۆكەی كەلار، بە"وشە"ی راگەیاند،  قایمقامیەتی كەلار ئاگاداری هاووڵاتییانی كەلار و دەوروبەری دەكاتەوە، بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا لەمشەودا ئەگەری بارانی بەهێز لە ئارادایە و بۆ ئەو مەبەستە داواتان لێدەكەین بە تایبەتی ئەو خانووانەی دەكەونە سەر چەمی رووباری سیروان بە ئاگابن.

دووپاتی دەکاتەوە، ئەو ماڵ و گەڕەك و ناوچانەی نزیكن لە ڕێڕەوی ئاوی لافاو و ناوچە نزماییەكانی دەورووبەری شارەكە ئاگاداربن بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو و داواتان لێدەكەین پێوەندی بكەن بەم ژمارە مۆبایلانەوە: قایمقامیەتی كەلار: 07729969545، 07701573996، بەرگری شارستانی: 115، پۆلیس: 104، شارەوانی: 07701484231.


لە ئێوارەی شەمووی ڕابردوەوە شەپۆلێكی بارانبارین ڕووی لە ھەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم كاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینە لەسەر ھەرێمی كوردستان زیاتر بوو و بارانێكی بەخوڕ دەستی پێ کرد، ئێستا لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی ھەرێمی كوردستان، ئاستی ئاو بەرز بووەتەوە و چەند شەقامێكیش بەهۆی ئەو بارانبارینەوە داخراون.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان