"دوو ملیار کەس ئاوی پاکیان دەست ناکەوێت"

:: PM:01:54:25/03/2019 ‌
نەتەوەیەكگرتووەكان لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرای دەکات، نزیكەی دوو ملیار مرۆڤ لەسەر زەوی دەستیان بە ئاوی پاك ناگات كە زۆرینەیان لە كیشوەری ئەفریقیان. لە راپۆرتەكەدا نەتەوەیەكگرتووەكان ئەوەش دەخاتەڕوو كە چوار ملیار مرۆڤ وەك پێویست ئاوی خواردنەوەیان پێ ناگات.

ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئادار/ مارس، نەتەوەیەكگرتووەكان نوێترین راپۆرتی لە بارەی دابینكردنی ئاوی پاك بۆ هاوڵاتیان بڵاوكردەوە، ئاماژە بەوە دەدات كە نزیكەی دوو ملیار مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی سەرچاوەی ئاوی پاكیان پارێزراو و جێگیر نییە كە بەشی زۆریان لە كیشوەری ئەفریقیان، جگە لەمەش نزیكەی چوار ملیار كەسی تریش بە دەست كەمی ئاوی پاك گیرۆدە بووینە و لە تەواوی ساڵدا بەیەك ئاست ئاویان پێ ناگات، لەمەشدا وڵاتانی عەرەبی پێشەنگن.

نەتەوەیەكگرتووەكان راپۆرتەكەی لە ژێر دروشمی "ناهێڵین كەس بێ ئاو بێت" لە كۆنگرەی جنێڤ راگەیاند، ئاماژەی بەوەدا لە كیشوەری ئەفریقیا بە تایبەت لە ناوچە بیابانییەكان، خەڵكەكەی دەستیان ناگات بە سەرچاوەیەكی جێگیر و پارێزراوی ئاو، هەر لە ئەفریقیا 60%ی خەڵكەكەی وەك پێویست خزمەتگوزاری ئاوی خواردنەوەی پێ ناگات، جگە لەمەش 10%یان هەر ئاویان بە دەست ناگات.
بەگوێرەی راپۆرتەكە دانیشتووانی گوند و گەڕەكە هەژارەكانی شارەكان كێشەی گەورەیان هەیە لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، جگە لەمەش گەیشتن بە ئاوی خورادنەوە لەو ناوچانە تێچووی زۆرە بە بەراورد بە ناوچە دەوڵەمەندەكان.

پێوەند بە وڵاتانی عەرەبیش، لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە رێژەی 10%ی ساڵانەیان لە ئاوی خواردنەوە پێ دەگات بە بەراورد بە رێژەی ستانداردی جیهانی كە بۆ هەر تاكێك حەوت هەزار و 453 مەتر سێجا ئاوە، كەچی لە وڵاتانی عەرەبی رێژەكە دەگاتە 736 مەتر سێجا.

هەر پێوەند بە ئاو، ململانێی نێوان وڵاتان لەسەر ئاو زۆر هەڵكشاوە، لە كاتێكدا لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2009 لە تەواوی دنیا 94 ململانێ هەبوون بەڵام لە 2010 بۆ 2018 ژمارەكە بۆ 260 ململانێ بەرز بووەتەوە.
 
بۆ چارەسەری تەنگژەی ئاو و گەیشتنی بە هاوڵاتیان، نەتەوەیەكگرتووەكان ئەو پرسە دەخاتە ئەجێندای كارەكانی و ئامانجی شەشەمی كە تا 2030 كار دەكات بۆ گەیشتنی ئاو بەگوێرەی پێویست بە هەموو هاوڵاتییەك.
ئودری ئیزۆلای بەڕێوەبەری گشتی یونیسكۆ دەڵێ ئەو پرسە پێویستی بە كاری زۆر هەیە، لای خۆشیەوە جۆن لاندفیسك شارەزا لە پەیمانگە ستۆكهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ ئاو، دەڵێ ململانێیەكان لەسەر ئاو بەردەوامیان دەبێت بەڵام مەترسی هەڵگیرسانی جەنگیان لێ ناكرێت و ئەگەری زۆریشە بەپێی یاسا و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان بتوانرێت چارەسەری ئەو پرسە بكرێت.



وشە - فه‌رمان سادق