ئاوات بۆكانی ئازاد كرا

:: PM:02:32:25/03/2019 ‌
هونەرمەندی میلی ئاوات بۆکانی لەلایەن دادگەی کۆیەوە بڕیاری ئازادکردنی بە کەفالەتی بۆ دەرچوو.

ئەمڕۆ دووشەم 25ـی ئادار، عەلی عەبدوڵا بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی كۆیە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بە بڕیاری دادگای کۆیە ئەمڕۆ ئاوات بۆكانی ئازادكرا.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئازادكردنی ئاوات بۆكانی بە بڕیاری دادگا و بە كەفالەت بووە و تا ڕۆژی دادگاییەكەی، ئەو كاتە دادگا بڕیاری یەکجاری دەردەكات.

لە پێنجی ئادار ئاوات بۆكانی دوای هەڵاتنی خۆی ڕادەستی پۆلیسی شارۆكەی كۆیە كرد كە دوو كەسی بریندار كردبوو.

ئاوات بۆكانی خەڵكی ڕۆژهەلاتی كوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێ‌ لەناو ڤێلایەكی چیای هەیبەت سوڵتان بە دەمانچە دوو كەس بریندار دەكات.

ڕووداوی برینداركردنی ئەو دوو گەنجەی شەوی 9/1/2019 لەلایەن گۆرانیبێژی میللی ئاوات بۆكانییەوە لە ناوچەی گەشتیاریی چنارۆكی چیای هەتیبەت سوڵتانی كۆیە بوو، دوای سکاڵای دوو بریندارەکە پۆلیسیش فەرمانی گرتنی بۆ ئاوات بۆكانی و ژنبراكەی دەركردبوو.

پێشتر عەلی عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، رۆژی سێشەم 5/3/2019، سەعات چواری دوانیوەڕۆ گۆرانیبێژی میللی ئاوات بۆكانی كە داوا كراوە لەلایەن دادوەر بە مادەی 405 گیرا.

هونەرمەندی میللی لە دایكبووی رۆژهەڵاتی كوردستانە كە لە شارۆكەی كۆیە نیشتەجێیە، سەرەتای ئەمساڵ، لە ئاهەنگێكی دانیشتن، دوای كۆتایی ئاهەنگەكە لە قەزای‌ كۆیە دوو كەس بریندار كرا، بە گوێرەی سەرچاوەیەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە ئاوات بۆكانی تەقەی لە دوو كەس كردووە برینداری كردوون.




وشە - رامیار جەواد