جووتیاری خانەقین دەستیان دایە خۆپێشاندان و داوا دەکەن زەویە كشتوكاڵییەكانیان بۆ بگەرێننەوە كە لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە داگیر كراون.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئادار، محەمەد رەمەزان وەك یەكێک لەوجووتیارانەی زەوییەکەی لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە داگیر کراوە بۆ "وشە" دەڵێ، پاش چەندین جار لە ئاگاداركردنەوەی نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و ئەنجوومەنی نوێنەران، گەیشتینە ئەو بڕوایەی خۆمان خۆپیشاندانێكی هێمنانە ساز بكەین.
زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێمە داواكارین زەویە داگیركراوەكانمان بۆ بگەرێنرێتەوە كە لەلایەن عەرەبی هاوردەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
هاووڵاتییەک كە ناوی لای "وشە" پارێزراوە کە بۆداكۆكیكردن لە زەوی داگیركراوی باوكی هاتبوو، گوتی، بە بەرتیل و پارە خواردن كار ئاسانی بۆعەرەبی هاوردە دەكرێت لەلایەن بەرپرسانی دیالەوە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە ئاشکرای دەکات، "عەرەبەهاوردەكان پشتیان بە تاپۆی حزبی بەعس بەستووە لەكاتێكدا ئێمە تاپۆی پێش دەسەڵات گرتنەدەستی بەعسمان هەیە".
هەر ئەمڕۆ داواكاری جووتیارانی خۆپیشاندەر لەرێگەی یاداشتەوە درایە قایمامیەتی خانەقین و ئەوانیش بەڵێنیاندا بۆسەرووی خۆیان بەرزی بكەنەوە لە پێناو چارەسەری كیشەكە.
خۆپیشاندانی دەیان جووتیاری كوردی گوندەكانی سنووری خانەقین لەكاتێكدایە هەینی رابردوو، سەرۆكی پەرلەمانی عێرا بەڵێنیدا بەدواداچوون بۆكێشەی داگیركردنی زەوی جووتیارانی سنووری شارۆكەی خانەقین بكات .
بەپیی ئاماری كشتوكاڵی خانەقینی سەر بە هەریمی کوردستان، زەوی داگیركراوی هاوڵاتیانی کورد دەكاتە زیاتر لە 100 دۆنم و ئەو گوندانەی زەوییەکانیان داگیر کراوە، زیاد لە 50 گوندن کە بەزۆری دەكەونە باكوری رۆژهەلاتی خانەقین و هاوسنووری ناوچەكانی دیوی دیالەن.
گەرمیان / سەبری هۆرێنی