پارێزگاری هەولێر لە ڕێی تەندەرەوە بڕیار لەسەر نۆژەنكردنەوەی چەند ڕێیەكی سەرەكی لە سنووری شارۆكەی كۆیە دەدات و بۆ ئەو مەبەستەیش ئاگاداری بەڵێندەرەكان دەكاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئادار، تارق حەیدەری قایمقامی كۆیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چاككردنی ڕێی كۆیە-تەقتەق لە قۆناغی تەندەردایە و بە زووترین كات دەست بە جێبەجێ كردنی پڕۆژەكە دەكرێ.
قایمقامی كۆیە دەڵێت، بە هەمانشێوە چەند ڕێیەكی تر بڕیاری نۆژەنكردنەوەیان بۆ دەرچووە كە بریتین لە لە ڕێی نێوان كۆیە و هەولێر كە قۆناغی یەكەم لە بازگەی تۆپزاوە بۆ دێگەڵە دەست پێ دەكات و ڕێی دەشتی كۆیەیش لەناو پڕۆژەكان دایە.
قایمقامی كۆیە دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە هەریەكە لە ڕێیەكانی سكتان و هیران و پردی بەنداوی سماقووڵی كۆمپانیاكە لە سەرەتایی مانگی چوار دەست بەكار دەكات. هەروەك باسی لەوە كردووە كە گوژمەی نۆژەنكردنەوەی ئەو ڕێیانە نزیكەی پێنج ملیار و نیو دینارە.
هاوكات "وشە" دەقی نووسراوەكەی پارێزگاری هەولێر بڵاو دەكاتەوە كە بۆ بەڵێندەران بڵاوی كردووەتەوە.