دەنگۆیەک دەبێتە هۆی گرانبوونی مریشک

:: PM:03:59:25/03/2019 ‌

ئەو ماوەیە نرخی مریشك و پەلەوەر بەگشتی زۆر بەرز بۆتەوە كە ئەمەیش چەند هۆكارێك دەگرێتە خۆی، وەك كەمی هاوردەكردن لە وڵاتانی دراوسێ و بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەك لەسەر ڕاگرتنی هاوردە لە وڵاتانەوە، كە بەشێكیان لە راستییەوە دوورن.

ئەمرۆ دووشەم 25ی ئادار، حیدەر فەتحان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هاتنی پەلەوەر لە هیچ وڵاتێك بە فەرمی ‌قەدەغە نەكراوە، تەنیا ئەوە نەبێ لە چەند بڵاو كراوەیەكی میدیای عەرەبی بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و نایاسایی هەواڵیان قەدەغەكردنی پەلەوەر لە چەند وڵاتێكەوە بڵاو كردووەتەوە لەسەر كە ئەمەیش لە ڕاستییەوە دوورە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، هۆكاری گرانبوونی نرخی پەلەوەر بەگشتی و مریشك بەتایبەتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێك لە وڵاتان هاوردە كردنیان بۆ عێراق كەم كردووەتەوە، بەتایبەت ئێران، چونكە لەو وڵاتەدا نرخی مریشك زۆر زیادی كردووە و ئەمەیش هەناردەی ئەو وڵاتەی دابەزاندووە و راستەوخۆ نرخی مریشکی لە عێراقیش بەرز کردۆتەوە.

ئەو ماوەیە لە هەرێمی كوردستان نرخی پەلەوەر بەگشتی زیادی كردووە، بەتایبەت مریشك كە هەر كیلۆگرامێك بە سێ هەزار دیناری عێراقییە، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ كەمی هاوردەكردن لە وڵاتانەوە لەگەڵ داواكاری خەڵك بۆ مریشك.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان