شۆفێری پاسەكانی هێڵی كەسنەزان هۆكاری كارنەكردنیان بۆ "وشە" دەخەنەڕوو

:: PM:05:34:25/03/2019 ‌
 
دوای ئەوەی دوێنی هەواڵی ئەوەی بڵاو كرایەوە كە پاسەكانی هێڵی هاتوچۆی كەسنەزان – هەولێر، لە كاركردن وەستاون، شۆفێرانی ئەو هێڵە پێوەندی بە "وشە"وە دەكەن و وردەكاری كێشەكە دەخەنەڕِوو، هەروەك دووپات لەوە دەكەنەوە ئەمڕۆ سەردانی بەرێوەبەرایەتی گواستنەوەی هەولێریان كردووە.

بەهۆی دانانی هێڵێكی نوێی هاتوچۆ كە هەولێر بە گەڕەكەكانی لاوان و ئاشتی دەبەستێتەوە، خاوەنی پاسەكانی هێڵی كەسنەزان ناڕەزاییان دەربڕیوە و ڕێگریان لەو هێڵە نوێیە كردووە بەو هۆیەشەوە ژمارەیەك لە پاسەكانیان لێ‌ گیراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئادار، ئارام مەلا رەحیم خاوەنی یەكێك لە پاسەكانی هێڵێ‌ گواستنەوەی كەسنەزان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوێنی ئەو هەواڵەی لە "وشە" لە زاری بەرێوەبەری گشتیی گواستنەوەی هەولێر بڵاو كرایەوە راست بووە و ئێستە پاسەكانی هێڵی كەسنەزان كار ناكەن، بۆ چارەسەری كێشەكەیش ئەمڕۆ سەردانی لایەنی پێوەندیدارمان كردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووین بە ئەنجام.

ڕوونیشی كردەوە كە گواستنەوەی هەولێر هێڵێكی نوێی داوە كە هیچ پێوەندی بە شارەوانی كەسنەزانەوە نییە و سەر بە بنەسڵاوەن، بۆیە ئێمەیش داوامان كردووە ڕێی كۆیە بەكار نەهێنن.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد ئێستە بەشێك لە پاسەكانی هێڵی كەسنەزان گیراون و بەشەكەی تریش وەك ناڕەزاییەك كارناكەن تا ئەو كاتەی تەواوی كێشەكە چارەسەر دەكرێ‌.

 







وشە - سه‌رخێڵ هاشم