ئه‌ڵمانیا موسڵمانى خۆى له‌ هه‌ژموونى توركیا دوورده‌خاته‌وه‌

:: PM:06:23:25/03/2019 ‌

له‌ ئه‌ڵمانیا هه‌ڵمه‌تێكى گشتگیر ده‌ستى پێ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هانى موسڵمانانى خۆى بدرێت، شێوازێكى ئایندارى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت، ئامانجى سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه‌ رێگریى له‌ توركیا بكرێت چیتر به‌ناوى كۆمه‌كى پاره‌ بۆ موسڵمانه‌كانى ئه‌ڵمانیان نه‌نێرێت.
 
به‌پێى راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى ئه‌حوالى توركى ماوه‌یه‌كه‌ حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا هه‌ڵمه‌تێكى ده‌ست پێ كردووه‌ بۆئه‌وه‌ى رێگریى له‌ توركیا بكات، هه‌ژموونى خۆى له‌سه‌ر موسڵمانانى ئه‌ڵمانیا كه‌م بكاته‌وه‌.

 له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، زۆرێك له‌ رێكخراوه‌ ئاینییه‌كان و مزگه‌وته‌كانى ئه‌ڵمانیا له‌لایه‌ن توركیاوه‌ پاره‌یان بۆ ره‌وان ده‌كرێت، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات ئه‌و رێكخراوانه‌ له‌سه‌ر ئاستى سیاسى و هزرییه‌وه‌ گومانیان لێ بكرێت و به‌ ده‌ستى ده‌ره‌كى تۆمه‌تبار بكرێن.

 له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌وێ موسڵمانانى خۆى له‌سه‌ر به‌ها و شێوازى تایبه‌تى خۆیان بن و دووربن له‌وه‌ى وڵاتانى تر ده‌ست له‌كاروباریان وه‌ربدات، جیا له‌وه‌یش حكوومه‌ت ئه‌ڵمانیا رێگریى ده‌كات له‌وه‌ى ئیمامه‌كانى تورك بچنه‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ و بیرى توندڕه‌وى له‌ناو كۆمه‌ڵگاى ئه‌ڵمانى بڵاو بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ چه‌ندان به‌رپرسى حكوومه‌تى ئیئتلافى ئه‌ڵمانیا وه‌ك دانانى به‌ربه‌ستێك بۆ ده‌ستوه‌ردان له‌كاروبارى موسڵمانان و گه‌یشتن به‌ مه‌رامى پیاوانى ئایینى داویان كردووه‌، پیاوانى ئاینى ئیسلام له‌ ئه‌ڵمانیا خۆیان فێرى ئه‌ڵمانى بكه‌ن.

 ماركس كێربه‌ر به‌رپرسى پێوه‌ندى نێوان حكوومه‌ت و موسڵمانان له‌ ئه‌ڵمانیا راى گه‌یاندووه‌، حكوومه‌ت هه‌وڵ ده‌دات گوشارى ده‌ره‌كى له‌سه‌ر موسڵمانانى ئه‌ڵمانیا كه‌م بكاته‌وه‌، وه‌ك ئه‌م به‌رپرسه‌ ئاشكراى كردووه‌ نزیكه‌ى چوار ملیۆن موسڵمان له‌ ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێن.
 
له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى كێربه‌ر ده‌ڵێ "حكوومه‌ت ئه‌ڵمانى ده‌خوازێ موسڵمانان به‌ شێوه‌یه‌كى باشتر تێكه‌ڵ به‌ كۆمه‌ڵگاى ئه‌ڵمانى بن" به‌ گرنگیشى ده‌زانێ موسڵمانان پێوه‌ندى دارایى خۆیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى توركیا بپچڕن.

له‌وه‌ته‌ى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان له‌ توركیا ده‌سه‌ڵاتى گرتووه‌ته‌ ده‌ست، ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا به‌ناوى ئاینى ئیسلامه‌وه‌ ده‌ست كاروبارى موسڵمانانى زۆربه‌ى وڵاتان وه‌رده‌ده‌ن. زۆرن ئه‌و راپۆرتانه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئایین له‌لایه‌ن توركیاوه‌ بۆ مه‌به‌ستى سیاسى به‌كاردێت، دوایین جاریش له‌كاتى كوشتاره‌كه‌ى نیوزیله‌ندا بوو كه‌ به‌هۆى لێدوانێكى سه‌رۆكى توركیاوه‌ پێوه‌ندى دیپلۆماسى توركیا له‌گه‌ڵ ئوسترالیا و نیوزیله‌ندا گرژیى تێكه‌وت.

یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ى كه‌ زۆر به‌م هه‌ڵوێستانه‌ى توركیاوه‌ نیگه‌ران بووه‌، ئه‌ڵمانیایه‌، وه‌زیرى ناوخۆى ئه‌ڵمانیا كه‌ ناوى هۆرست زیهۆڤه‌ره‌ له‌مانگى تشرینى دووه‌مى رابردوو له‌ كۆنگره‌یه‌كى موسڵمانانى ئه‌ڵمانیا ئاماده‌ بوو، له‌ میانه‌ى كۆنگره‌كه‌ داواى له‌ موسڵمانان كرد، پێوه‌ندى خۆیان بپچڕن و خۆیان له‌كاریگه‌ریى ده‌ره‌كى دووربخه‌نه‌وه‌.

توركیایشى به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد، مزگه‌وته‌كانى خۆى له‌ ئه‌ڵمانیا بۆئه‌وه‌ به‌كارده‌هێنێ كاریگه‌ریى له‌سه‌ر موسڵمانان دروست بكه‌ن و گوتارى سیاسیان ئاراسته‌ بكرێت، هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ى وه‌زیرى ناوخۆى ئه‌ڵمانیا باسى لێوه‌ ده‌كات له‌ لایه‌ن هه‌واڵگریى ناوخۆى ئه‌ڵمانیا پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌.

ماوه‌ى ساڵێكه‌ ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر ئه‌و هه‌واڵانه‌ى به‌رده‌وامه‌، بۆ ئه‌وه‌ى موسڵمانانى خۆى بپارێزێت، پێشترییش بیرۆكه‌ى ئه‌وه‌ى هه‌بوو هاوشێوه‌ى كه‌نیسه‌كان باج بخاته‌ سه‌ر مزگه‌وته‌كان بۆئه‌وه‌ى مزگه‌وته‌كان له‌ سه‌رچاوه‌ى گوماناوى پاره‌یان بۆ ره‌وانه‌ نه‌كرێت. 

 ره‌نگه‌ كۆششى سه‌ره‌كى ئه‌ڵمانیایش بۆ ئه‌وه‌ى بێت ئه‌م سه‌رچاوه‌ داراییانه‌ وشك بكات، یه‌كێك له‌و رێكخراوانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌ به‌ گومانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت رێكخراوى یه‌كێتى ئیسلامى توركییه‌، ئه‌م رێكخراوه‌ به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى مزگه‌وته‌كان ناتوانن له‌ڕووى داراییه‌وه‌ خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن، پاره‌ به‌ مزگه‌وته‌كان ده‌دات.

 سه‌یران ئه‌تاش كه‌ كچه‌ پارێزه‌رێكى ئه‌ڵمانییه‌ و به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك توركه‌ داوا ده‌كات یاساى باجى مزگه‌وت جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌و ده‌ڵێ "ئه‌وه‌ى مزگه‌وته‌كان پێویستیان پێیه‌تى، ته‌نیا به‌ ئه‌ندامه‌كان ده‌توانرێت دابین بكرێن".

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ى كه‌نیسه‌كان، حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا بۆ مزگه‌وته‌كان هیچ باجێكى به‌ده‌ست ناگات، مزگه‌وته‌كانیش ته‌نیا ئه‌و كاته‌ پاره‌یان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ پێ ده‌درێت كه‌ چه‌ند پرۆژه‌یه‌كى دیاركراویان هه‌بێت، وه‌ك پرۆژه‌ى تێكه‌ڵكردنى په‌نابه‌ره‌ موسڵمانه‌كان به‌ كۆمه‌ڵگاى ئه‌ڵمانى و دوورخستنه‌وه‌ى گه‌نجانى موسڵمان له‌ توندڕه‌وى و توندوتیژى.

رێكخراوى یه‌كێتى ئیسلامى توركیا له‌ ئه‌ڵمانیا مووچه‌ى 960 ئیمام  و مه‌لا ده‌دات له‌ ئه‌ڵمانیا، پێشتر حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا كۆمه‌كى ئه‌م رێكخراوه‌ى ده‌كرد، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى ده‌ركه‌وت رێكخراوه‌كه‌ سیخوڕى له‌سه‌ر نه‌یارانى ده‌سه‌ڵاتى توركیا ده‌كات، حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا سه‌رجه‌م كۆمه‌كییه‌كانى له‌سه‌ر ئه‌م رێكخراوه‌ بڕى.

مێژووى نیشته‌جێبوونى موسڵمانان له‌ ئه‌ڵمانیا بۆ سییه‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌و كات ته‌نیا ژماره‌یان چه‌ند هه‌زارێك بوو، به‌ڵام له‌ ساڵى 1961 وه‌ شه‌پۆڵى كۆچى موسڵمانان بۆ ئه‌ڵمانیا زیاد بوو به‌ تایبه‌تى بۆ به‌شى رۆژئاواى، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى رێكخراوى تیرۆریستى داعش و هه‌ڵگیرسانى جه‌نگى سووریا به‌سه‌دان هه‌زار كه‌س روویان له‌ ئه‌ڵمانیا كرد، به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى هه‌یه‌ موسڵمانان ژماره‌یان زیاتر له‌ چوار ملیۆن كه‌س ده‌بێت و نزیكه‌ى له‌ %6ى دانیشتووانى ئه‌ڵمانیا پێك ده‌هێنن.

 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل