هەندێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوام بە قسەكانیان هەوڵی دروستكردنی دڵەڕاوكێ لەناو هاووڵاتییان دەدەن و هەواڵ لەبارەی نەناردنی بودجە و مووچە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم بڵاو دەكەنەوە، بەڵام پەرلەمانتارێكی پارتی دووپات لەوە دەكاتەوە كە مووچە و بودجەی كوردستان بە یاسا ڕێكخراوە.
ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئادار، ناسڕ هەركی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان بە یاسایەك چەسپێنراوە كە هەموو لایەن و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر داوە و ئەو یاسایەیش وەك یاسایەكی تر نییە كە هەموار بكرێتەوە.
زیاتر گوتی، پرسی ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان لە یاساكەدا وایە كە ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوت نەنێرێت بەغدا مانگانە ئەو بڕە پارەیە رەوانەی هەرێمی كوردستان ناكات.
پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتی، لێدوانەكانی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی نەناردنی مووچە و بودجە هیچ خزمەتێك بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان ناكات و دڵەڕاوكێ دروست دەكات، چونكە بەغدا هیچ گرفتێكی نییە و بەردەوامە لە ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان.
ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر بەغدا بڕێك پارەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە كردووە و ئێستە بەپێی بودجەی عێراق بەغدا ناچار كراوە مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی