جیا لە لافاو كەشوهەوای پێنجوێن مەترسیی تری دروست كردووە

:: PM:08:50:25/03/2019 ‌

بەهۆی باران بارینی بەردەوام و بەخووڕ بۆ جاری پێنجەم پردە تازەكەی نێوان سلێمانی – پێنجوێن ڕووخا، هاوكات بەپێی ئامارێكیش، شارۆكەی پێنجوێن لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی، لەباران باریندا، پلەی یەكەمی هەیە و داوایەكی بەپەلەش ئاڕاستەی جووتیاران دەكرێت.

سدیق عەزیز ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پێنجوێن، بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەو شەپۆلی باران بارینەی ناوچەكەمانی گرتەوە، بەو هۆیەوە جارێكی تر ئەو پردەی رێگا تازەكەی شاری سلێمانی بە شارۆكەی پێنجوێنەوە دەبەستێتەوە و ماوەی نێوانیانی كەمكردبووەوە، بۆ جاری پێنجەم رووخاوە.

زیاتر گوتی، داوا لە شۆفێران دەكەین ئەوانەی لە سلێمانییەوە دێنە سنووری پێنجوێن و مەرزەكانی باشماخ و سەیرانبەن، پێویستە بەهەمانشێوەی رابردوو، رێگای شارۆكەی سەیدسادق و گوندی شانەدەر بۆ گەیشتن بە پێنجوێن و بەپێچەوانەوەشەوە بەكاربێنن.

هاوكات لەراگەیاندراوێكی بەشی كەشناسی پێنجوێن كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە، ئاماژە بەوە كراوە، بەردەوامی باران بارین و لافاو كە تائێستەش بەردەوامی هەیە هەزار و 485 ملیم باران باریوە و لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی پلەی یەكەمی هەیە.

لەلایەكی ترەوە ئەسعەد محەمەد، ئەندازیاری كشتوكاڵ لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی پێنجوێن، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، ئێستە زۆربەی جووتیاران بەتایبەتی لەدەشتی شارەزوور و پێنجوێن، شەتڵی چەند بەرهەمێكی كشتوكاڵیان چاندووە، ئەمەش زۆر مەترسیدارە، چونكە ئێستە شەپۆلێكی توند رووی لەناوچەكە كردووە و تەرزە و باران بەفر، دەبێتە هۆی لەناوبردنی شەتڵەكان.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانییەوە دوورە و نزیكەی 1200 مەتر لەئاستی رووی دەریاوە بەرزە و ساڵانە رێژەیەكی زۆر بەفر و باران لەوەرزەكانی پایز و زستان و بەهاردا لێدەبارێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم