سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، ئێستە پێوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێكی زۆرباشدایە و "دەخوازین حكوومەتی عێراق هەنگاوەكانیان بۆ جێبەجێكردنی دەستوور خێراتر بكەن".
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، د.ڤالا فەرید ئیبراهیم سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی كرد لە شاندێكی پەیمانگەی دیپلۆماسیی و ئەكادیمیی ڤیەننا، بەسەرۆكایەتیی تۆماس رۆ، پرۆفیسۆرو سەرۆكی بەشی مێژوو لە پەیمانگەكە و شاندی یاوەری كرد. سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، ئەو یاسایانەی كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە و بەچەند رێكارێكی یاسایی بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێشكەش دەكرێن و دواتر خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ دەكرێت و ئاراستەی لیژنە پێوەندیدارەكان دەكرێن بۆ تاوتوێكردنی لەگەڵ لایەن پێوەندیدارەكانی حكوومەت و بەمەبەستی وەرگرتنی راوبۆچوونیان لەسەر پڕۆژە یاساكە بەمەبەستی دەوڵەمەندكردنی زیاتری و ئامادەكردنی راپۆرت لەسەری، پاشان لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان بەمەبەستی گفتوگۆكردن و پەسندكردنی.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان باسی لە پێوەندیی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا كرد و رای گەیاند: " ئێستە پێوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێكی زۆرباشدایە و دەخوازین حكوومەتی عێراق هەنگاوەكانیان بۆ جێبەجێكردنی دەستوور خێراتر بكەن، لەنێویشیاندا مادەی 140ی دەستوور كەتایبەت بەناوچە دابڕێنراوەكان و لەئاساییكردنەوە و سەرژمێری و ئەنجامدانی راپرسی بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تری نێوان هەردوولا بەجۆرێك كە لەبەرژەوەندیی هەموو گەلانی عێراقدا بێت".
وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە، دواتر هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، باسی لە بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كارو چالاكییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە رووی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و دروستكردن و پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكان كرد.
هاوكات شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بەو سەقامگیری و ئارامی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و رۆلی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشیان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەربڕی و ستایشی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ لە باوەشگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان كە لەناوچەكانی تری عێراقەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو.