کێشە بۆ پڕۆژەى کارەبا 20 ئەمپێریەکەى سلێمانى دروست دەبێت

:: PM:09:59:02/01/2017 ‌

پڕۆژە 20 ئەمپێرییەکەى شارى سلێمانى نزیک دەبێتەوە لە جێبەجێکردنى، بەڵام حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش لەبەرامبەردا پڕۆژەیەکى ترى هەیە بۆ کارەبا بەناوى دانانى پێوەرى زیرەک.
ئەمڕو دووشەم مەهدى مەحموود، سکرتێرى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى بە "وشە"ى ڕاگەیاند، پرۆژەى دانانى 20 ئەمپێر کارەبا بۆ هاووڵاتییانى سلێمانى لەلایەن لیژنەى پیشەسازى و وزە تێبینى زۆر لەسەرە، چونکە داوا کراوە لە بەڕێوەبەرایەتى کارەبا کە دەبێت گەرەنتى ئەوە بدرێت ئەو پڕۆژە لە بەرژەوەندى هاووڵاتییانە.
سکرتێرى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى ئاشکراى کرد، ئەنجوومەنى پارێزگا هیچ لێکۆڵینەوەى لە بارەى ئەو پڕۆژەیەوە نییە، لیژنەى پیشەسازى نوێنەرى هەموو فراکسیۆنەکانى تێدایە و قسە و گفتوگۆیان لە بارەى ئەو پڕۆژە کردووە و تێبینییەکان دراونەتە سەرۆکى ئەنجوومەن بۆ ئەوەى بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتى کارەبا.
هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لە فراکسیۆنى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە "وشە"ى ڕاگەیاند، حکوومەت خۆى بەرنامەى دانانى پێوەرى زیرەکى هەیە، بۆیە لەو کاتەدا ناکرێت ئەو پرۆژەیە جێبەجێبکرێت و پارە لە هاووڵاتییان وەربگیرێت و دواتریش پڕۆژەکەى حکوومەتى بێت ئەو پڕۆژەیە هەڵدەوەشێتەوە.
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى دەڵێت، پێویستە سەرەتا کار بکرێت بۆ لابردنى سەرپێچى بەتایبەتى ناوچەى سیتەک و مێرگەپان، هەروەها لە کاتى دانانى ئەو 20 ئەمپێرە با پارەکە لەسەر هاووڵاتییان نەبێت، ئەم ئەرکە حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەستۆى بگرێت، چونکە ناکرێت لەو دۆخەى ئێستە ئەو پارەیە بکەوێتە سەر شانى هاووڵاتییان، ئەو کۆمپانیایەى کە تەندەرەکە وەردەگرێت پێویستە لە ڕێگەى تەندەرى ئاشکراوە بێت.
بەڕێوەبەرایەتى کارەباى سلێمانى بەنیازە پڕۆژەى دانانى 20 ئەمپێری بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کارەبا بخاتە کار، ئەم پڕۆژەیەش بەمەبەستى دڵنیابوونەوە لە زیادنەبوونى بەکارهێنانى کارەبایە.
سلێمانى/ هۆشیار عەلى




وشە - رامیار جەواد