پەرلەمان داوای دانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان دەكات

:: AM:09:53:26/03/2019 ‌
سەرۆكی فرراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ئاشكرای دەكات، پڕۆژە یاسایەكمان ئامادە كردووە بۆ دانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئادار، عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراکسۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ڕێی پڕۆژە یاساكەوە كە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان كردووە، پرسی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەرانمان بردە قۆناغێكی نوێ و بە پشتیوانی فراكسیۆنەكانی تر هەوڵی دەرچوواندنی دەدەین تا گرەنتی مووچەخۆران و ئەو قەرزانەیان بكات كە لای حكوومەتە.

سەرۆكی فراکسۆنی كۆمەڵی ئیسلامی گوتی، ئەم پڕۆژەیاسایە بڕگە و مادەكانی تایبەتە بە دروستكردنی هەژماری بانكی و گێڕانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەخۆ گرتووە.

ئامادەكردنی ئەو پڕۆژەیە لە كاتێكدایە ئەمڕۆش ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گفتوگۆ بۆ ناردنەوەی پڕۆژەیەكی پەسەندكراوی پێشوویان دەكەن كە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانیان كردووە.

لە پڕۆژە یاساكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كە پشتگیری ئەنجوومەنی سلێمانی و دهۆكیشی لەگەڵە بریتییە لە پڕۆژەی چەكی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بۆ پێدانەوەی قەرزی كەڵەكەبووی خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت لەلایەن فەرمانبەران لە "پێشبینەی هاوسەرگیری، پێشینەی خانووبەرە، قەرزی كارەبا و ئاو، باج، هاتوچۆ و سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی تری حكوومەت"ـە.

ڕۆژی هەشتی ئادار سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای سێ‌ ساڵ هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەی فەرانبەرانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند.



وشە - رامیار جەواد