داوا لە پەرلەمانتاران دەكرێت یاری بە هەستی خەڵك نەكەن

:: AM:10:06:26/03/2019 ‌
سەرۆكی بزووتنەوەی چاکسازی ئاشكرای دەكات ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نابێت یاری بە هەست و سۆزی خەڵك بكەن و مووچە تێكەڵی ململانێی سیاسی بكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئادار، عەبدولقادر بازرگان سەرۆكی بزووتنەوەی چاكسازی توركمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، خەڵكی كوردستان نوێنەری خۆی هەڵبژارد بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەوەی داكۆكی لە مافەكانیان بكەن. ئەركی نیشتمانی و ئەخلاقی نوێنەری كوردە لە بەغدا مووچە و قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستان تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان نەكەن.

سەرۆكی بزووتنەوەی چاكسازی توركمانی گوتی، باشترە ئەندامانی ئەنجوومەن بیر لە چارەسەری گشتی مەلەفی ئابووری نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد بكەنەوە نەوەك یاری بە هەست و سۆزی خەڵكی هەرێمەوە بكەن دوای باشكردنەوەی مووچە، بارودۆخی فەرمانبەران لە جیاتی پاداشت و سوپاسی كردنیان بۆ پێنچ ساڵی ڕابردوو پڕ بوو لە نەهامەتی و ناخوشی و گوزەرانی خەڵك ناجێگیر بوو ناكرێت بۆ بەرژەوەندی كەسی و بەمیزاج هەوڵ بدرێت هەمان سیناریۆ دووبارە بكرێتەوە.

ئاشكرای كرد، پێویستە ئەو ئەندامانە بیر لە ئایندە بكرێتەوە بۆ چاكردنەوەی بژێوی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان پێویستی بە دەستوورێكە بۆ رێكخستنەوەی زۆر بابەتی سیاسی، ئابوری و نیشتمانی بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان.

ئەو لێدوانەی بازرگان لە كاتێكە لە دوێنێنەوە چەند ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەواڵی بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستان بڵاو كردۆتەوە.



وشە - رامیار جەواد