دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەکارلادانی پارێزگاری موسڵ و جێگرانی پەسند کرد، شانەی تەنگژەی مووسڵ پێک هێندرا، سەرۆكی لیستی برایەتی رەتی دەكاتەوە هیچ ناوێكیان لە ئەنجوومەن وەك كاندید وەرگرتبێت و دەڵێ پارێزگار 15 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ تانە لێدان لە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق.
سیدۆ چەتۆ سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ "وشە" ئاماژەی بە رێكارە یاساییەكانی هەڵبژاردنی پارێزگار و دوو جێگرەكەی كرد، ئەوەی رەت كردەوە كە لە میدیاكان باس لە كاندید بوونی چەند ناوێك دەكرێت بۆ پارێزگاری داهاتووی نەینەوا.
سیدۆ چەتۆ گوتی "لە دیوە یاساییەكەی ئەوانەی ئێستە بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران لادراون، ماوەی 15 رۆژیان لەبەردەم دایە تا تانە لە بڕیارەكە بدەن، تا ئەوكات ئەنجوومەنی پارێزگا دەرگای پاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگار و جێگرانی ناكاتەوە".
سەرۆكی لیستی برایەتی روونی كردەوە، ئەگەر نۆفل عاكوب سوڵتان یان جێگرانی پارێزگار تانەیان لە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق گرت، ئەوا دۆسیەكە دەچێتە دادگای كارگێڕی لە بەغدا، دادگاش ماوەی مانگێكی لەبەردەم دایە بۆ یەكلا كردنەوەی دۆسیەكە، لە كاتێكدا دادگا دژی تانەكە بڕیار بدات، ئەوكات ئەنجوومەن دەبێت دوای 15 رۆژ درەگای پاڵاوتن بكاتەوە، گوتی "هەموو هاووڵاتییەكی مووسڵ بۆیان هەیە خۆیان كاندید بكەن، بەڵام دەبێت ئەو كەسەی خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات مەرجەكانی تێدا بێت".
قسەكانی سیدۆ چەتۆ لە كاتێكدایە پاش بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق قسە لەسەر چەند ناوێك دەكرێت كە خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری داهاتووی نەینەوا كاندید كردووە، لەوانە مزاحم خەیات سەرۆكی زانكۆ مووسڵ كە لەلایەن ئوسامە نوجێفی پشتگیری دەكرێت، هەروەها ئەحمەد جبووری و مەنسوور مەرعیدی باس لە كاندید بوونیان دەكرێ و ئەوەی دووەمیش وەك دەگوترێت لەلایەن فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی پشتگیری دەكرێت.
غەزوان شەبەكی ئەندامی ئەنجوومەنەكە لە لیستی برایەتی، لە بارەی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری پارێزگار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد هێشتا ئەو پرسە باس نەكراوە، گوتی "بەپێی رێككەوتنی سیاسی بێت پۆستی پارێزگار بۆ عەرەبە و پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەن بۆ كوردە، بۆیە هیچ كوردێك بۆ پارێزگاری نەینەوا خۆی كاندید ناكات".