ئاسایشی گەرمیان چوار ژنە ئەندامی تەڤگەری ئازادی دەگرێ

:: AM:11:57:26/03/2019 ‌

لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ریگری دەكرێ لە ئاهەنگی تەڤگەری ئازادی و چوار ژنە ئەندامی ئەو رێکخراوەیش دەگیرێن و وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن، "لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە ئەشكەنجە دراون".

ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئادار، هاوری جەبار هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی لە گەرمیان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، بە مەبەستی سازدانی ئاهەنگ رۆژی پێشتر ئامادەكاریمان كردبوو بۆ ئاهەنگی سەرکەوتن بەسەر داعش، بەڵام سەرباری ئەوەی مۆڵەتمان پێ درابوو ئاسایشی كەلار رێگری لێكردین.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئاسایشی گەرمیان چوار ژنە ئەندامی تەڤگەری ئازادی گرت و دوای ئەشکەنجە و ئازاردانیان بەری دان.

بەمەبەستی بەدواداچوون لەو رووداوە " وشە" پێوەندی بە ئاسایشی گەرمیانەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەبارەی رووداوەکەوە لێدوان بدەن.

لە رێككەوتی 23ی ئازاری 2019 فەرمانداری گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات- هەسەدە، سەركەوتنی یەكجاریی بەسەر دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) ڕاگەیاند.

بەو بۆنەوە لایەنگرانی پەكەكە كە لەژێر ناوی تەڤگەری ئازادی كاردەكەن بە ئامانجی سازكردنی ئاهەنگ خۆیان ئامادەكرد، بەڵام رێگریان لێكرا و چوار ئەندامیان لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە گیرا.
پێشتریش ئاسایشی سلێمانی چەند جارێک هەڵی کوتاوەتە سەر بارەگاکانی ئەو رێکخراوەی سەر بە پەکەکە و هەوڵی داخستنی بارەگاکانی داوە.

ئەو گرژییەی نێوان پەکەکە و یەکێتی لەکاتێکدایە پێشتر یەکیتی بە هەموو شێوازێک پەسنی سیاسەتەکانی پەکەکەی لە کوردستاندا دەکرد و هەر جووڵەیەکی پەکەکە لە رۆژاوا دەیکرد لە سلێمانی چەپڵەی بۆ لێدەدرا و ئەندامانی ئەو حزبە وەک داستان لە میدیاکاندا دەیانگێڕایەوە.
 
گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - هیدایه‌ت جان