باڵی بەرهەم ساڵح یەکێتی بەدرۆ دەخاتەوە

:: PM:12:01:26/03/2019 ‌
ڕێبوار كەریم ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەسەر لیستی بەرهەم ساڵح بۆتە ئەندامی ئەنجوومەن وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە لەسەر بڕینی مووچە بڵاو یان كردۆتەوە و دەڵێت بەهیچ شێوەیەك دەستكاری مووچەی فەرمانبەران ناكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئادار، ڕێبوار كەریم ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە، لە لیژنەی دارایی پرسی گومرگەكانی هەرێم وروژێنراوە كە پێشتر رێكەوتنێكی 27 خاڵی لەسەر كراوە و بەپێی رێكەوتنەكە، هەرێم برێك پارەی گومرگەكان رادەستی بەغدا دەكات، بەڵام ئێستە ئەگەرێك هەیە هاوشێوەی نەوتەكە هەرێم پارەی گومرگیش رادەست نەكات، بۆیە بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی و هەندێك لە هێزە سیاسییە عێراقییەكان لەگەڵ ئەوەن كە هێندەی زیانی ئەو بڕە پارەی گومرگەی هەرێم لە بەشە بودجەی هەرێم ببڕدرێت.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، لیژنەی دارایی لە كۆتاییدا گەیشتونەتە ئەوەی بڕینی پارە لە بری گومرگی هەرێم نابێت لە مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت و ئەگەر بشبڕدرێت ئەوا لە بەشە بودجەی هەرێم 12.67%، هاوشێوەی بڕینی بەشە پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوتەكەی هەرێم كە بەپێی بڕگەی "ج لە مادەی 10ی یاسای بودجەی عێراق" لە كۆی بەشە بودجەی هەرێم دەبڕدرێت، نەك لە مووچە.

دووپاتی دەکاتەوە، دڵنیابن بە هیچ شێوەیەك دەستكاری مووچەی فەرمانبەران ناكرێت و لەو پارەیە نابڕدرێت خۆ ئەگەر بشبڕدرێت ئەوا لە پشكی بودجەی هەرێم دەبڕرێت نەك لە 522 ملیار دینارەكەی مووچەی فەرمانبەران.

ئەو لێدوانە لە كاتێكە ئەندامانی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوو ڕۆژە دەنگۆی بڕینی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڵاو دەكەنەوە.




وشە - رامیار جەواد