فڕەنسا و چین 15 گرێبەست بە بەهای 40 ملیار یۆرۆ واژوو دەکەن

:: PM:12:26:26/03/2019 ‌
شی جین بینگ سەرۆكی چین لە سەردانیدا بۆ فڕەنسا 15 گرێبەست بە بەهای 40 ملیار یۆرۆ لەگەڵ ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا واژوو دەکات. بەگوێرەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەش بێت چین 300 فڕۆكەی گەشتیاری لە جۆری ئێرباس لە فڕەنسا دەكڕێت.

 ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئادار/ مارس، ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا و شی جین بینگ سەرۆكی چین واژوویان لەسەر 15 گرێبەست بە بەهای 40 ملیار یۆرۆ كرد، بەگوێرەی ناوەڕۆكی گرێبەستەكانیش بێت چین بە بەهای 30 ملیار یۆرۆ فڕۆكەی گواستنەوەی گەشتیاران لە جۆری ئێرباس لە فڕەنسا دەكڕێت.

لە بەشێكی تری گرێبەستەكانی نێوان فڕەنسا و چین، رێككەوتنێك لەنێوان كۆمپانیای "CAM CGM"ی فڕەنسی و دامەزراوەی حكوومەتی چین بۆ دروستكردنی كەشتی واژوو كراوە بە بەهای ملیارێك و 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ دروستكردنی 10 كەشتی گواستنەوەی كەلوپەل.
بەگوێرەی زانیارییەكان یەكێكی تر لە گرێبەستەكان، رێككەوتنی نێوان كۆمپانیای "Fives"ی فڕەنسی و كۆمەڵەی نیشتمانی چینی بۆ پیشەسازی كەلوپەلی بیناسازی بە بەهای ملیارێك یۆرۆ بووە، هاوكات هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو وڵات لە بواری پاراستنی وزە رێككەوتنی لەسەر كراوە.
لە سێكتەری كشتوكاڵ، چین و فڕەنسا رێككەوتن لەسەر هەڵگرتنی هۆشداری چین لە هاوردە كردنی گۆشتی كوشتارگەكانی فڕەنسا، دوای ئەوەی چین قەدەغەی هاوردەی گۆشتی فڕەنسی كرد بوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە كوشتارگەكانی ئەو وڵاتە.

پێوەند بە گرێبەستەكانی نێوانیان، ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ شی جین بینگ سەرۆكی چین رای گەیاند پێویستە ئەوروپا یەكگرتوو بێت و پەیوەندییەكانی لەگەڵ چین پێش بخات لە بواری وەبەرهێنانی ستراتیجی.

لای خۆیەوە سەرۆكی چین رای گەیاند وڵاتەكەی پشتگیری لە سیاسەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەكات و دژ تاكڕەوی لە رێكار و رێوشوێنەكان دژ بە وڵاتان دەوەستێتەوە.

رێككەوتنە بازرگانییەكانی نێوان چین و فڕەنسا لە كاتێكدا، پاریس دژی پلانێكی چین وەستایەوە بۆ تەواوكردنی رێگەی حەریر كە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و چین و ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەفریقیا بەیەوەكە گرێ دەدات، كە شی جین بینگ زۆر بە توندی پشتگیری لەو پڕۆژە زەبەلاحە دەكات.



وشە - فه‌رمان سادق