سەركردەی ئۆپراسیۆنی نەینەوا رای گەیاند دۆسیەی رووداوی ژێرئاو كەوتنی بەلەمەكەی مووسڵ دراوەتە دادگا و بڕیاری گرتنیش بۆ خاوەنەكەی دەرچووە و هەندێك كەسی پێوەندار بە رووداوەکەش گیراون.
ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئادار/ مارس، بە مەبەستی دەرهێنانی تەرمی ئەو كەسانەی لە رووداوی ژێرئاو كەوتنی بەلەمەكەی ناوچەی گەشتیاری جەزیرە لەسەر رووباری دیجلە لە
مووسڵ، تیمێكی رزگاركەری توركی لە رێگەی رێكخراوی خێرخوازی بارزانی گەیشتنە مووسڵ.
نەجم جبووری سەركردەی ئۆپراسیۆنی مووسڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی پێوەست بە رووداوەكە رای گەیاند، چەند كەسێكیان لەسەر رووداوەكە گرتووە و بڕیاری گرتن بۆ خاوەنی ناوچە گەشتیارییەكە و چەند كەسێكی تریش دەرچووە و دۆسیەكەشیان رەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوەی مووسڵ كراوە.
نەجم جبووری كە لەگەڵ حەمەد لەمیس بەرپرسی پۆلیسی مووسڵ و موزاحم خەیات، تا هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرانی شانەی تەنگژەیان پێك هێناوە بۆ ئیدارەدانی مووسڵ ، دەڵێ پرسی دانانی پارێزگار بۆ مووسڵ هیچ پێوەندییەكی بە شانەی تەنگژە نییە، ئەوە پرسێكی سیاسییە و دانانی پارێزگار بەلای شانەكە گرنگ نییە.
روونیشی دەکاتەوە، ژێرئاو كەوتنی بەلەمەكە وانەیەك بوو، بەڵام وانەیەكی قورس و ناخۆش، دەبێت رێگری بكەین لە دووبارە بوونەوەی و ئەوەی گرنگە دەبێت كار بكرێت بۆ كەمكردنەوەی ئاستی گەندەڵی و بەرتیل كە مووسڵی تەنیوە، ئەوەش ئەو کارەیە كە شانەكە ئیشی لەسەر دەكات".
رۆژی 21ی ئادار، بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێك لە ناوچەی جەزیرەی گەشتیاری لەسەر رووباری دیجلە لە مووسڵ زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستدا كە زۆرینەیان ژن و منداڵن، تیمی گەڕان بە دوای تەرمی بێسەروشوێنانن ماوەی هەفتەیەكە دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی تەرمی قوربانییەكانی تر.
هاوكات دوای رووداوەكە دەستبەجێ بە بڕیاری عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، خاوەنی بەلەمەكە و نۆ لە كارمەندانی ناوچە گەشتیارییەكە گیران و بڕیاری گرتنیش بۆ ئەوانی تر دەرچووە.