لە ساڵوەگەری داگیركردنی.. عێراق بە هێزەكانی ئەمەریكا خۆی دەپارێزێت

:: PM:04:17:26/03/2019 ‌

لە كاتێكدا لە شازدەیەمین ساڵوەگەری داگیركردنی عێراق  لەلایەن ئەمەریكاوە نزیك دەبینەوە، زۆر شت لەو وڵاتەدا گۆڕاوە،  ئەوانەی پێشتر پێشوازی هێزی ئەمەریكایان دەكرد ئێستە كار بۆ دەركردنی دەكەن، كەچی بە پێچەوانەشەوە ئەوانەی لە دژی هاتنی هێزەكانی ئەمەریكا بوون ئێستە دەیانەوێ‌ ناوچەكانیان و تەواوی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە بپارێزرێت.

 

لە نۆی نیسانی ساڵی 2003 هێزەكانی ئەمەریكا عێراقیان داگیركرد، هەر چەندە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەوڵی دا بۆ خستنی رژێمی عێراق سوود لە بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایش وەربگرێت، بەڵام لەوەیاندا سەركەوتوو نەبوو، بۆیە وەك داگیركەرێك خۆی راگەیاند و لە مانگی ئاداری ساڵی 2003 دەستی كرد بە ئۆپراسیۆنەكانی و لە نۆی نیسان بە تەواوی رژێمی عێراق كەوت و هێزەكانی ئەمەریكا گەیشتنە بەغدا.

 

ئەو كاتەی ئەمەریكا وەك "داگیركەر" خۆی دەناساند، لایەنە عێراقییەكان، بە تایبەتی شیعەكان پرۆسەكەیان بە "ئازادكردن" وەسف دەكرد و پێیان وابوو ئەوەی ئەمەریكا كردوویەتی خزمەتكردنی عێراقە و عێراق لەدەستی رژێمی بەعس رزگاركراوە، كەچی بە پێچەوانەی ئەوان سوننەكان كە خۆیان بە خاوەن دەسەڵاتی پێشوو دەزانی لە دژی داگیركارییەكە وەستانەوە و بایكۆتی هەر پرۆسەیەكی سیاسییان كرد كە لە ژێر سایەی ئەمەریكییەكان بەڕێوە دەچوو.

 

شیعە بە فەتوایەكی سیاسی بە ملیۆنان كەسیان بەشدارییان لە یەكەم ریفراندۆمی دەستوور و یەكەم هەڵبژاردن كرد. دوای تێپەڕبوونی پازدە ساڵ بەسەر ئەو رووداوانە سەلیقەی پێكهاتە سیاسییەكانی عێراق لەبەرانبەر ئەمەریكا گۆڕاوە، ئەوەی دوێنێ‌ بەرەنگار و دژی هاتنی ئەمەریكا بوو داوا لە ئەمەریكا دەكات بیپارێزێ‌ و ئەوەی بە ئەمەریكایشی دەگووت رزگاركەر، كار بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات.

 

 ئایا ئەم گۆڕانكارییە لە سەلیقەی سیاسی پێكهاتە عێراقییەكان دیاردەیەكی ئاساییە؟ چاودێران لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دووپاتی دەكەنەوە، ئەو گۆڕانكارییەی روویداوە بابەتێکی ئاسایی و چاوەڕوانكراو بووە و تەنانەت زۆریش لۆژیكی بووە لەو بارودۆخەی كە لە دوای داگیركردنی عێراقەوە دروست بووە.

 

 لە راپۆرتێكدا  رۆژنامەی "عەرەب" باس لە هۆكاری ئەو گۆڕانكارییانە دەكات و ئاماژە دەدات، ئەو نموونە دیموكراسییەی ئەمەریكا لە عێراق هەوڵی درووستكردنی دەدات، سەركەوتوو نەبوو و ئەم وڵاتەی گەیاندە لێواری شكستێكی گەورە بەهۆی گەندەڵی و بەشبەشێنی سیاسی.

 

هەرچەندە دوای ماوەیەكی كەم لە داگیركردنی عێراق، پێكهاتەی سوننە دەستیان كرد بەوەی بێنە ناو پرۆسەی سیاسی لە عێراقی نوێ، بەڵام لە ئەنجامی ئەو پازدە ساڵەدا  ئەوەی زیانی دوو هێندەی ناوچەكانی تر بەركەوت ناوچە سوننییەكان بوو.  رۆژنامەی عەرەب  دەڵێ‌، جگە لە بەشی كورد لە عێراق كاولکاریی تەواوی عێراقی گرتۆتەوە، كەچی سوننەكان دوو هێندەی ئەوانی تر زیانیان بەركەوتووە".

 

 هێزە عێراقییەكان نەیانتوانی ناوچە سوننییەكان بپارێزن لە ساڵی 2014 رێكخراوی تیرۆریستی داعش دوو شاری گەورەی سوننەكانی داگیركرد كە ئەوانیش ئەنبار و مووسڵ بوون، دوای سێ ساڵ لە داگیركاریی داعش بە كاولی ئەو شارانەی جێهێشت، ئەو كات نزیكەی پێنج ملیۆن خەڵكی سوننە ئاوارە بوون، ئێستەیش بەتەواوی نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان.

 

دوای رزگاركردنی ناوچەكانی سوننەیش لە لایەن هێزە عێراقییەكانەوە، جارێكی تر هێزەكانی عێراق بە تایبەتی ئەوانەی میلیشیان و سەر بە لایەنە شیعەكانن و بە حەشدی شەعبی دەناسرێن، كەوتنە تۆڵەكردنەوە لە سوننەكان. بۆیە لە بارودۆخێكی ئەوها سوننەكان وەك جاران دژایەتی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا ناكەن، بەڵكو داوا لە لایەنە سیاسییەكانی خۆیان دەكەن لە دژی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا بوەستنەوە، لەڕووی مەیدانیشەوە ئەوەی ئێستە ناوچە سوننییەكانی عێراق دەپارێزێت ئەوا هێزەكانی ئەمەریكایە.

 

وەك دەردەكەوێت ئەمەریكایش هەستی بە نزیكبوونەوەی سوننەكان كردووە، بۆیە ئەویش هەوڵ دەدات زیاتر لە خۆیان نزیك بكاتەوە و هاوبەشی سیاسی راستەقینە بۆ فەرمانڕەوایی عێراق دروست بكات، نەوەك وەك ساڵانی پێشوو بە تەنیا بەدەست شیعەكانەوە بێت.

 

 چەند رۆژێك لەمەوبەر دەنگۆی ئەوە هەبوو هاوپەیمانی فەتح كە لایەنێكی بەهێزی شیعەیە، هەوڵ دەدات پرۆژە بڕیارێك سەبارەت بە دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی پەرلەمان بدات و محەمەد حەلبووسی رازی بكات بۆ ئەوەی بیخاتە كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە، بەڵام حەلبووسی كە سەركردەی سوننەكانە ئەم داوایەی فەتحی رەت كردۆتەوە.

 

 رۆژنامەی عەرەب دەڵێ‌، پێكهاتەی سوننە دەیەوێ‌ لە بەغدا ئەمەریكییەكان زمانحاڵیان بن، چونكە ئەوان دەزانن لە دژایەتییان بۆ ئەمەریكا هیچ شتێكیان دەست نەكەوتووە، تەنیا كاوڵبوونی شارەكان و ئاوارەبوونیان نەبێت. لە كاتێكدا شیعەكانی عێراق دەیانەوێ‌ خۆیان بە هێز و پێگەی ئێران بپارێزن ئەوا سوننەیش دەیەوێ‌ ناوچەكانی خۆی بە ئەمەریكا بپارێزێ‌.

 

  ئەمەریكا لە ساڵی 2003  وەك داگیركەر هاتە عێراق، لە ساڵی 2011 بە فەرمانی باراک ئۆباما هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كشانەوە، كەچی دوای داگیركارییەكانی داعش جارێكی تر ئەمەریكییەكان هاتنەوە عێراق و دەستیان كردەوە بە پارێزگاریكردن لەو وڵاتە، ئەم جارەیش بە پێچەوانەی جاران كۆمەڵێك رێككەوتن لە نێوان عێراق و ئەمەریكا هەیە و چاوەڕوان دەكرێت تا ساڵانێكی زۆر كار بەم رێككەوتنانە بكرێت.

 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل