لە كاتێكدا تەنیا چەند رۆژێك بەسەر ئازادكردنی دوا مۆڵگەی داعش تێ پەڕیوە، نێردەی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەڵێ، دەبێت گوشار بخرێتەسەر حكوومەتەكان بۆ وەرگرتنەوەی چەكدارانی خۆیان، ژمارەی داعشە عێراقییەكانیش لە سووریا زۆرن و دەبێت حكوومەتی عێراقی وەریان بگرێتەوە.
جیمس جیفری نێردەی
ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند، زۆرینەی ئەو چەكدارە داعشانەی لە سووریا بەند كراون، عێراقی و سوورین و ئەوان دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەكانیان و بخرێنە نێو بەرنامەی دووبارە شیاندنەوەیان بۆ بكرێت تا تێكەڵ بە كۆمەڵگە بكرێنەوە، تا ئاستی سزادانی هەندێكیان.
جیفری ئەوەشی خستەڕوو ئاستەمە بزانرێت ژمارەی چەكدارە بەند كراوەكانی داعش لای یەكیینەكانی پاراستنی گەل، چەندیان عێراقی و چەندیان سووری یان بیانین، ئەو گوتی " ئێستە بەدوای ناسنامەكانیان ناچین، ئەگەرچی هەندێك دەڵێن حەوت هەزار یان زیاترن، بەڵام رەنگە ژمارەكە لەم هەفتەیەدا زۆر زیاتر بوو بێت".
قسەكانی جیفری لە كاتێكدایە هەفتەیەك پێش ئێستە یەكیینەكانی پاراستنی گەل رای گەیاند، ژمارەی چەكدارە داعشە بیانییە گیراوەكان لە گرتووخانەكانیان گەیشتووەتە 800 كەس، لەگەڵ خانەوادەكانیان زیاتر لە دوو هەزار كەس دەبن.
جێی باسە سەرەتای ئەم هەفتەیە یەكیینەكانی پاراستنی گەل سەركەوتنی بەسەر داعش راگەیاند دوای ئازادكردنی شارەدێی باغووزی دوا مۆڵگەی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا.