"سەرەڕای گەمارۆکان حەماس مووشەكەكانی زۆر پێشخستووە"

:: PM:04:33:26/03/2019 ‌
ئاژانسی ئەسیۆشەیتدپرێس لە راپۆرتێكدا تیشك دەخاتە سەر مووشەكەكانی حەماس و دەڵێ، ئەو بزووتنەوە ئیسلامییە دەستی گەیشتووە بە مووشەكێكی زۆری قەسام، سەرەڕای گەمارۆی ئابووریش توانیوییەتی مووشەكی ئاڕ- 160 و فەجر- 5ی ئێرانی و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و تۆپ هاوێژەكانی پێش بخات.

لە راپۆرتەكەدا، باس لەو مووشەكانە دەكات كە بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی "حەماس" ئاراستەی باكوری تەلئەبیب و باشووری ئیسڕائیلی كردووە، دەڵێ مووشەكەكان لە بەهێزترین مووشەكی حەماس بوون و كە توانای بڕینی 120 كیلۆمەتری هەیە.

ئەوەش دەخاتەڕوو لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا حەماس بووەتە خاوەنی ئەمبارێكی زەبەلاحی مووشەك كە سەرەتا بە مووشەكی بچووك دەستی پێ كرد و ئێستە مووشەكی وەها هەیە كە توانای پێكانی هەموو پنتێكی ئیسڕائیلی هەیە.

گابی سیبونی شیكەرەوەی سەربازی ئیسڕائیلی دەڵێ، حەماس كۆمەڵێكی جۆراوجۆری چەكی پێشكەوتووی  ورد و كاریگەری هەیە، لە نێویاندا مووشەكی دژە تانك و زریپۆش و تەنانەت فڕۆكە كە هەموویان دروستكراوی رووسیان، تەنانەت هەندێك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیشی هەیە.

راپۆرتەكە خوێندنەوەی بۆ مووشەكەكانی حەماس كردووە، دەڵێ مووشەكی ئاڕ- 160، ئەو مووشەكەیە كە تا دوورترین مەودا دەڕوات لەو مووشەكانەی لە دەستی حەماس دان. بۆ یەكەمجار ساڵی 2014 ژد بە ئیسڕائیلی تەقاندووە و لە شاری حەیفا شوێنێكی كردە ئامانج.

روونی دەكاتەوە، بوونی پیتی ئاڕ دەگەڕێتەوە بۆ عەبدولعەزیز رنتیسی گەورە سەركردەی بزووتنەوەكە كە ساڵی 2004 لە هێرشێكی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل كوژراوە، ژمارەكەش ئاماژەیە بۆ توانای بڕینی 160 كیلۆمەتر.

هەرچی مووشەكی جی 80یە، یەكێكی ترە لە مووشەكەكانی تری حەماس كە لە غەززە دروست دەكرێن و بە ناوی ئەحمەد جەعبری كراوە كە یەكێكە لە سەركردە سەربازییەكانی حەماس و ساڵی 2012 فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل ئۆتۆمبێلەكەیان كردە ئامانج و كوشتیان.

پێوەند بە مووشەكی ئێم 75، حەماس ساڵی 2014 ئەو مووشەكەی ئاشكرا كرد و رای گەیاند دروستكراوی خۆیانە بەڵام شارەزایان دەڵێن دروستكراوی ئێرانە و هەمان مووشەكی فەجر- 5ی ئێرانییە كە دەست حەماس كەوتووە.

مووشەكی لێزەری دژە تانك، یەكێكی ترە لە مووشەكەكانی حەماس كە دروستكراوی وڵاتی رووسیایە و بە كۆرنیت ناسراوە و لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو حەماس ئەو مووشەكەی دژ بە تانكێكی ئیسڕائیل تەقاند، پێشتریش حزبوڵا دژ بە تانكەكانی ئیسڕائیلی تەقاندووە و بەهۆیەوە چەندان سەربازی ئیسڕائیلی كوشتووە.



وشە - فه‌رمان سادق