عێراق لە مانگی شوبات 101 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە

:: PM:04:35:26/03/2019 ‌
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری هەناردەی نەوتی بۆ مانگی شوباتی رابردوو راگەیاند، گوتەبێژی وەزارەتەكەش دەڵێ، زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل هەناردە كراوە و داهاتەكەشی شەش ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئادار/ مارس، عاسم  جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراقی رای گەیاند، لە مانگی شوباتی رابردوو تەواوی ئەو نەوتەی عێراق هەناردەی دەرەوەی كردووە بەگوێرەی ئامارەكانی سۆمۆ 101 ملیۆن و 387 هەزار و 559 بەرمیل نەوت بووە و داهاتەكەشی شەش ملیار و 178 ملیۆن و 818 دۆلار بووە.

وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەكدا لەسەر زاری گوتەبێژەكەی، روونی كردەوە لەو بڕە نەوتەی هەناردە كراوە 99 ملیۆن و 120 هەزار و شەش بەرمیلی هی كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بووە كە داهاتی شەش ملیار و 59 ملیۆن و 96 هەزار و 845 دۆلاری بۆ گەنجینەی عێراقی هەبووە.

ئەو گوتی "لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووكیش بڕی ملیۆنێك و 753 هەزار و 373 بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركی هەناردەی بازاڕەكان كراوە كە داهاتەكەی 105 ملیۆن و 554 هەزار و 734 دۆلار بووە، جگە لەمەیش لە كێڵگەی نەوتی گەیارە كە ئەویش نەوتەكەی لە بەندەری جەیهان بە بازاڕ كراوە، بڕی 514 هەزار و 180 بەرمیل نەوت هەناردە كراوە و داهاتەكەشی 14 ملیۆن و 166 هەزار و 687 دۆلار بووە".

عاسم جیهاد ئەوەشی  خستەڕوو تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێك بە 60 دۆلار و 94 سەنت بووە و ئەو 101 ملیۆن بەرمیل نەوتەش لەلایەن 33 كۆمپانیای جیهانی جیاواز لە بەندەرەكانی بەسڕە و خور عمیە و عەوامات لە كەنداوی عەرەبی و بەندەری جەیهانی توركی بە بازاڕ كراوە و باری كەشتی گواستنەوەی نەوت كراوە.



وشە - فه‌رمان سادق