پەرلەمانی كوردستان لەبارەی مووچە داوای دڵنیایی لە بەغدا دەكات

:: PM:05:08:26/03/2019 ‌

لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی ئاسایی ئەنجامدا و سەرۆكی لیژنەكەیش ڕای گەیاند، دەیانەوێ‌ دڵنیایی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لە بەغدا وەربگرن. 

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا بەرنامەی كار و نەخشە ڕێگەی وەرزی یاسادانانی بەهارە لەخولی پێنجەم تاوتوێ كراوەو دووپات لەوە كرایەوە كە هەرچی زووە پێویستە پڕۆژەی چاكسازی دەوڵەمەند بكرێت و لەبەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان پەسەند بكرێت.

دوابەدوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی د.رێواز فایەق سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، لیژنەكەیان بانگێشتی ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات بۆ ئەوەی دڵنیایی وەربگرن لەسەر ناردنی بودجە و بەردەوامی ناردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە.

سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان گوتی،  تا كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك نەهێنری هیچ مامەڵەیەكی یاسایی لەگەڵ كابینەی هەشتەم ناكەن و ئەوەی ئێستە هەیە هاوئاهەنگییەكی ئاساییە نەك یاسایی.

پێشتریش حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندبوو كە گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێ‌ بەمەبەستی قەرەبووكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام تا پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ ئەو گفتوگۆیانە بە رژدی بەرێوە ناچن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم