دەستەی دەستپاكی لەسەر بڵاوكردنەوەی فۆڕمێك ڕوونكردنەوە دەدات

:: PM:05:24:26/03/2019 ‌

دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان ماوەیەكە دەستی كردووە بە بڵاوكردنەوەی فۆڕمێك لەسەر فەرمانبەر و مامۆستایانی هەرێمی كوردستان و فۆڕمەكەیش داوای زانیاری كەسی دەكات، بەڵام سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ئاماژە بەوە دەكات، ئەو فۆڕمە بەپێی یاسا دیار كراوە و پێوەندی بە كەرتی گشتییەوە هەیە.

هەرچەندە بڵاوكردنەوەی فۆڕمەكە كە بەفۆڕمی بەڵێننامە بۆ دەستەی دەستپاكی ناسراوە دەنگۆی زۆری لێ‌ كەوتووەتەوە و لێدانەوەی زۆری بۆ كراوە، بەڵام د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو فۆڕمە تایبەتە بە كەرتی گشتیی و فۆڕمی بەڵێننامەیە هەركەسێك كە لەكەرتی گشتیی بێت دەبێت ئەو فۆڕمە پڕبكاتەوە، چونكە پابەندبوونە بە كاروبارەكان.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەموو دەنگۆیەكی لەبارەی فۆڕمەكانەوە ڕەت كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد، فۆڕمەكە لەبارەی مووچە و داهاتووی فەرمانبەران هیچ كاریگەرییەكی خراپی نییە.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، فۆڕمەكە ساڵانە نییە و لەماوەی فەرمانبەرایەتی و كاركردنی هەركەسێك لە كەرتی گشتیی تەنیا یەكجار فۆڕمەكە پڕ دەكرێتەوە.

دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسایی ژمارە سێی هەمواركراوی پەرلەمانی كوردستان دامەزراوە و ئەركی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بڵاوكردنەوەی هۆشیارییە بۆ دژایەتی گەندەڵی.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم