بەمدواییە رێككەوتننێك لە نێوان ئەمەریكا و عومان، یەكێك لە وڵاتانی كەنداو، هاتە واژووكردن و بەو پێیە ئەو وڵاتە ئاسانكاری بۆ هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا دەكات بۆ بەكارهێنانی بەنداو و فڕۆكەخانەكانی كە رەنگە ئەو هەنگاوە كار بكاتە سەر هاوسەنگی هێز لە ناوچەكە، بەتایبەتی لەبارەی داهاتووی ململانێی یەمەن و هەوڵەكانی واشنتن بۆ رووبەڕووبوونەوەی فرەوانخوازی ئێران لە ناوچەكە.
سوڵتاننشینی عومان واژووكردنی رێككەوتننامەیەكی لەگەڵ ئەمەریكا راگەیاند و بەپێی رێككەوتننامەكە رێگە بە كەشتی و فڕۆكە سەربازییەكانی ئەمەریكا دەدات بۆ سوودوەرگرتن لەو ئاسانكاریانەی لە بەشێك لە بەندەر و فڕۆكەخانەكانی عەمان بۆیان فەراهەم دەكرێت، كە ئەو رێككەوتننە هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانی ئەمەریكا لە بەرانبەر پڕۆگرامی مووشەكی ئێران كە سەرەڕای سزاكان و فشاری دیپلۆماسیانەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، لە ساڵانی دوایی پەرەی پێ داوە.
ئەو رێككەوتننە پلانەكانی ئەمەریكا بۆ بینینی رۆڵی زیاتر لە دابینكردنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریاوانی لە رێگەی گەرووی هورمز ئاشكرا دەكات، بەشێوەیەك بتوانێت هەر مەترسییەكی ئێرانی لێ دووربخاتەوە كە رەنگە پەنا بۆ هەڕەشەی داخستنی ببات لە بەرانبەر زیادبوونی فشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەری، كە لە دوای راگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە 2018 بە پاشەكشەكردنی وڵاتەكەی لە رێككەوتننی ئەتۆمی واژووكراو لەگەڵ ئێران لە 2015، ئێران چەند جارێك هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی كردووە.
سەرچاوە دیپلۆماسییەكانی كەنداو ئاماژە دەكەن كە رێككەوتننە نوێیەكەی نێوان ئەمەریكا و عومان و ئەو ئاسانكارییە سەربازییانەی بۆ ئەمەریكا لە ناوچەكە دێتە فەراهەمكردن، بۆ قەتەریش هەواڵێكی خۆش نییە، چونكە ئەو لە بنكەی عودەید ئەوە بۆ ئەمەریكا فەراهەم دەكات.
گەرووی هورمز رێڕەوێكی ئاوی نێودەوڵەتییە كە گرنگییەكی گەورەی بۆ هاتوچۆی كەشتییەكانی باركراو بە نەوت لە دنیا هەیە و رۆژانە سێیەكی نەوتی دنیای پێدا تێپەڕ دەبێت، هاوكات هێزەكانی ئەمەریكا تا ئێستە بە شێوەیەكی ئاسایی هاتوچۆی پێدا دەكەن و ناوە ناوەش رووبەڕووبوونەوە لە نێوان كەشتییەكانی ئەمەریكا و ئێران تیایدا روودەدات و چەند جارێكە ئێران هەڕەشەی داخستنی دەكات لە وڵامی فشار و هەڕشەكانی ئەمەریكا بۆ سەری كە رای گەیاندووە دەیەوێت هەناردنی نەوتی ئێران بگەیەنێتە ئاستی سفر.
بەرپرسێكی ئەمەریكایی لەو بارەوە دەڵێت، رێككەوتننەكە بژارە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە زیاتر دەكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر تەنگژەیەك لە كەنداو و گەرووی هورمز، لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی عومان گوتی، وەزارەتی بەرگری هەردوو وڵات یەكشەمی رابردوو واژوویان لەسەر رێككەوتننێكی چوارچێوەیی كردووە بە مەبەستی پتەوكردنی پێوەندییە سەربازییەكانیان و بەو پێیە رێگە بە هێزەكانی ئەمەریكا دەدرێت بۆ سوودوەرگرتن لە ئاسانكارییەكانی لە چەند بەندەر و فڕۆكەخانەیەكی عومان پێشكێشیان دەكرێت لەكاتی سەردانیان بۆ ناوچەكە بەتایبەتی لە بەندەرەكانی دقم و سەڵاڵە. بەوەی ئەو ناوچەیە دەبێتە بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكا بە هاوشێوەی بنكە سەربازییەكانی تری لە كەندا.
بەرپرسێكی ئەمەریكایی دەڵێت، ئەو ناوچەیە شوێنێكی ستراتیجی جوگرافی هەیە و دەكەوێتە دەرەوەی گەرووی هورمز، بۆیە رێككەوتننەكە پێگەی ئەمەریكا لە ناوچەكە بەهێزتر دەكات لە بەربەرەكانی لەگەڵ چین لە فرەوانخوازی لە ناوچەكە، لەو كاتەی چاودێران دەڵێن كە ئەو رێككەوتننە دوورخستنەوەی ئێرانە لەلایەن عومان لە بەكارهێنانی بەندەری دقم. كە ناوچەكە 500 كیلۆمەتر لە گەرووی هورمزی ستراتیجییەوە دوورە لە سەر دەریای عەرەب.
لەبارەی گرنگی سەربازییانەی ئەو رێككەوتننە چاوێران پێیان وایە كە جیا لەوەی دەچێتە پاڵ بنكەی سەربازییەكانی تری ئەمەریكا بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە تیرۆر و گرووپە تیرۆریستییەكان، كاریگەریشی بۆ داهاتووی ململانێكان لە یەمەن دەبێت و رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ بوونی پلانی نوێی ئەمەریكا بۆ دوورخستنەوەی دەستی ئێران لە یەمەن و كۆتاهێنان بە جەنگ لەو وڵاتە كە ئێران سوود لە درێژكردنەوەی دەبینێت بۆ هەڕەشەكردن لە ئاسایشی وڵاتانی كەنداو.
ئەوان دووپاتی دەكەنەوە كە جیا لە سوودەكانی ئەمەریكا لەو رێككەوتننە، عومانیش سوود دەكات بۆ دابینكردنی ئاسایشی ستراتیجی خۆی لە بەرانبەر زیادبوونی مەترسییەكان لە ناوچەكە لە رێگەی پشتبەستن بە زلهێزێكی وەك ئەمەریكا، ررۆژنامەی "قەبەس"ی كوێتی لەو بارەوە دەڵێت، عومان جیا لەلایەنە تەناهییەكەی، بە چاوێكی ئابوورییانەی سەیری رێككەوتننەكە دەكات و دەیەوێت پەرە بەو ناوچەیە بدات لە تەنیا گوندێك بۆ راوكردن بۆ بەندەر و ناوەندێكی گرنگی پیشەسازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەیش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات جگە لە نەوت و غاز.
سەرچاوە دیپلۆماسییە رۆژئاواییەكان لە ناوچەكە ئاماژە دەكەن كە پێویستە هەموو وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتی ئێران، زانیاریان بەوە هەبێت كە ئیتر ئەمەریكا بووەتە لایەنێكی نوێ لە ناوچەكە و لە داهاتوو هەر هاوسەنگییەك تیایدا پێویستە ئەو راستییە لەبەرچاو بگرێت لە بژارەكانی ئاشتی وەك چۆن لە بژارەكانی جەنگدا لەبەرچاو دەگیرێت.