پەرلەمانتارانی یەكێتی یەكتر بە درۆ دەخەنەوە

:: PM:06:10:26/03/2019 ‌

پەرلەمانتارانی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكتر بە درۆ دەخەنەوە لەبارەی ناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕێی كۆمپانیایی سۆمۆوە بۆ بەغدا و ناردنى بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە.

شەوی ڕابردوو بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕای گەیاند، كە ئەگەر هەرێم نەوت ڕادەستی بەغدا نەكات ئەوە چیتر بەغدا پشكی هەرێم لە بودجەدا ڕەوانە ناكات. بڵێسە ڕای گەیاندبوو، "لە بوجەی 2019 دا هاتووە كە هەرێم دەبێت رۆژانە دووسەدوو پەنجا هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات و هەرێم نیازی پابەندبوونی نیە". 
قسەكانی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی كاردانەوەی لێ‌ كەوتەوە وەك هەوڵێك بینرا بۆ هاندانی بەغدا دژی كورد و ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران.

لەبەرانبەر ئەو قسانەدا ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئادار، بەختیار شاوەیس پەرلەمانتاری یەكێتی قسەكانی بڵێسە جەبار فەرمان بەدرۆ دەخاتەوە و ڕای دەگەیەنێ‌، ناردنی مووچە و بودجەی كوردستان لە بەغداوە بەردەوام دەبێ‌.

شاوەیس بە میدیای فەرمی یەكێتی ڕاگەیاندووە، تا كۆتایی ئەمساڵ 31-12-2019 بەپێی یاسا حكوومەتی عێراق پابەندكراوە بەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئیتر حكومەتی هەرێم پابەندی رادەستكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بێت بۆ سۆمۆ یان نا، هیچ لەبابەتەكە ناگۆڕێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم