ئێران لە هەنگاوەكانی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی نەوت نیگەرانە

:: PM:02:41:15/10/2016 ‌


میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، عێراق بە سوودوەرگرتن لە كۆمپانیا ئەمەریكی و رووسییەكان، دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت لە دووەم كێڵگەی هاوبەشی نەوت لە نێوان ئێران و عێراقدا كردووە.

ئێران نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕیوە كە لە كێڵگە هاوبەشەكانی نەوت بە شێوەی هاوبەش سوودیان لێ وەرنەگیراوە و لە رابردووشدا سعوودیە زێدەڕۆیی لە بەرهەمهێنانی نەوت لە كێكڵگەی هاوبەش كردووە. ئێران پێی وایە ئەوە وا دەكات دوای دەرهێنانی نەوتێكی زۆر لەو دیوەی سنوور نەوتی ئێران بەرەو وڵاتانی دراوسێ شۆڕ بێتەوە و خۆی نەتوانێت سوودێكی ئەوتۆی لێ وەربگرێت.

ماوەی دوو ساڵە عێراق لە كێڵگەی هاوبەشی ئازادگان لە باشووری عێراق، رۆژانە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت و ئێستە دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی ئازەریش كردووە، ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەو وڵاتە لەگەڵ تەنگژەی دارایی و پرسی تیرۆر بەرەورووە.



كەیوان ئەحمەدی بەڕێوەبەری پڕۆژەی كێڵگەی هاوبەشی نەوتی ئازەر بۆ ئاژانسی میهری ئێران باسی لەوە كردووە، یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە ئێران گرنگیی بە دەرهێنانی نەوت لەو كێڵگەیە نەدا، ئەوەیە پێكهاتەی جیۆلۆجی كێڵگەكە ئاڵۆزە.

هۆكارێكی تر كە سەرچاوەكە ئاماژەی پێ كردووە، ئەوەیە كۆمەڵێك كۆمپانیای جیهانیی لەو كێڵگانە كار دەكەن و خەریكی دەرهێنانی نەوتن بۆ عێراق.

ئێران پلانی دانابوو ساڵێك پێش ئێستە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگەیە بكات بەڵام لە دوایین راپۆرتدا ئەوە خراوەتەڕوو كە ساڵێكی تریش ئێران ناتوانێت لەو كێڵگەیەی نەوت بەرهەم بێنێت.

بڕیارە ئێران لە قۆناغی یەكەم  بە رۆژانە ٢٠ هەزار بەرمیل دەست پێ بكات و دوای دووساڵ بەرزی بكاتەوە بۆ ٦٥ هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.



پێویستە بگوترێت بڕی نەوتی یەدەگی كێڵگەی هاوبەشی نەوتی ئازەر بریتییە لە دوو ملیار و ٥٠٠ هەزار بەرمیل و لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان دەرخستووە تا ٢٥ ساڵی تر ئێران دەتوانێت رۆژانە ٥٠ تا ٦٥ هەزار بەرمیل نەوت لەو كێڵگەیە بەرهەم بێنێت.

هەردوو كێڵگەی نەوتی ئازەر و چەنگۆڵە كەوتوونەتە خاكی كوردستان كە لە دیوی رۆژهەڵاتی كوردستان لە نزیك مێهرانن لە پارێزگای ئیلام و لە دیوی عێراق بە بەدرە ناسراوە.

ئەو كۆمپانیا رووسییەی پێنج ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئێران رێككەوتنی كردبوو تا لە كێڵگەكە نەوت دەربهێنێت، بەگوتەی ئێران ١٨٠ پلە وەرسووڕاوە و ئێستە كۆمپانیای گازپرۆم بۆ عێراق نەوتەكە بەرهەم دەهێنێت. ئەوەی ئێرانی تووڕە كردووە ئەوەیە گازپرۆم پێشتر زانیاری لەسەر كێڵگەكە هەبووە و بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكانی عێراق سوودی لێ وەرگرتووە.

عەبدولڕەزا حاجی حوسێن نەژاد بەڕێوەبەری پێشووی كۆمپانیای پەرەپێدانی نەوتی ئێران باسی لەوە كردووە كە رووسەكان لە كێڵگەی ئازەر زانیارییان وەرگرتووە و دواجار كە ئێران ویستوویەتی گرێبەستیان لەگەڵدا بكات پەشیمان بوونەتەوە و زانیارییەكانیان لەو دیوی عێراق بەكار هێناوە.

 ئەو هەروەها دەڵێت لە كێڵگەی چەنگۆڵە هیچ زانیارییەكیان نەخستووەتە خزمەت كۆمپانیای گازپرۆم و  پرۆژەكەش بە رووسەكان ناسپێرن.

لە لایەكی ترەوە كۆمپانیای لۆك ئۆیلی رووسیاش چەندان داواكاری خستووەتە ڕوو بۆ پەرەپێدانی ئەو كێڵگە هاوبەشانە لەگەڵ عێراقدا، هەنگاوێك كە ئێرانی دڵگران كردووە.

ئێران  و عێراق لە رێكخراوی ئۆپێك هەر لە كۆنەوە ركابەرێیەكی بەهێزیان هەبووە لە هەناردەكردن و بەرهەمهێنانی نەوت و لەو ماوەیەی كە ئێران سزای بەسەردا سەپێنرابوو، عێراق توانی بە رێژەیەكی گونجاو سوود لەو كێڵگە هاوبەشانە  وەربگرێت.



بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی ئۆپێك لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، عێراق زۆرترین گەشەی لە بەرهەمهێنانی نەوتدا هەبووە و لەو ماوەیەدا رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوتەكەی ملیۆنێك و ٦٨٩ هەزار بەرمیل زیاد كردووە.

كێڵگەی هاوبەش بەو كێڵگانە دەگوترێت كە بەشێكی لە خاكی وڵاتێك و بەشەكەی تر لە خاكی وڵاتێكی تر هەڵكەوتووە.

ئێران لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی عێراق، سعوودیە، قەتەر، كوێت، ئیمارات و عومان كێڵگەی هاوبەشی نەوت و گازی هەیە ژمارەی كێڵگە هاوبەشەكانی نێوان ئێران و عێراق پێنج كێڵگەیە بەناوەكانی نەفتشەهر، دێهلۆران، پایدارێ غەرب، ئازەر، ئازادگان و یادئاوەران، سەرووی نیوەی ئەو كێڵگانە لە خاكی كوردستان هەڵكەوتوون.

  لەرووی بڕی نەوتی یەدەگەوە، ئێران لە پلەی چوارەم وڵاتی دنیا و عێراقیش لە پێنجەم هەڵكەوتووە.  یەكەمیان خاوەنی سەرووی ١٥٧ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە و عێراقیش خاوەنی ١١٥ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە. ڤەنزوێلا بە یەكەم وڵاتی دنیا دێت كە زۆرترین نەتی یەدەگی هەیە و بڕەكەی دەگاتە سەرووی ٢٩٧ ملیار بەرمیل.

لەو ٩٧ وڵاتەی دنیا كە خاوەنی نەوتن، ئەسیوپیا ٤٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە كە كەمترە لە نەوتی رۆژێكی هەرێمی كوردستان كە هەناردەی دەكات. نەوتی یەدەگی هەرێمی كوردستان بە گوتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نزیكەی ٤٥ ملیار بەرمیلە.

وشە/مهرنیوز-ویكیپیدیا-ئیرنا- ئا: سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان