زمانی ژنان کوێر بووەوە

:: AM:11:27:03/01/2017 ‌
مانگی ڕابردوو، "رۆسا ئەندرادی" لە تەمەنی 67 ساڵی، لە دارستانەکانی ڕۆژئاوای ئەمەریکای باشوور کۆچی دوایی کرد، دوایەمین کەس بوو بە زمانی "ریسیجارۆ" قسەی دەکرد کە یەکێک بوو لە 43 زمانەکەی گەلانی ئەمازۆن.

بەگشتی لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، 100 زمان لە دنیا کوێر بوونەوە کە پێشتر هەریەکە و خەڵکێکی زۆر قسەیان پێ دەکردن کە هەندێکیان مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕایەوە، 400 زمانی تریش لە دۆخێکی خراپدان و هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، ئەمە جگە لە 51 زمان کە تەنیا یەک کەس ماون قسەی پێ بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی یونسکۆ، هەموو 14 ڕۆژ جارێک تا کۆتای سەدە، زمانێک کوێر دەبێتەوە، بە کوێربوونەوەی ئەو زمانەش، کولتوورێکی جیاواز لەناو دەچێ.

پێش چەند ساڵێک "یانگ هوانی" لە تەمەنی 98 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بەمەش زمانی "نوشو" کوێر بووەوە کە بە زمانی ژنان دەناسرێ. بریتی بوو لە زمانێکی نهێنیی ژنانی چین بۆ ماوەی چوار سەدە، تا لە ژێر ڕکێفی پیاو خۆیان دەرباز بکەن و پیاوان لە قسەکانیان تێ نەگەن.

ئەو زمانە، هۆکارێکی گرنگ بوو تا ژنان خۆیان لە دەست پیاو ڕزگار بکەن، زۆر جاریش بەهۆی ئەو زمانەوە، دەیانتوانی یەکتر تێ بگەیەنن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ پیاواندا بکەن یان پێکەوە بڕیاری ڕاکردنیان دەدا.

سەرچاوە: huffpostarab


وشە - كوردۆ شابان