حەشدی شەعبی: فەرمانی قاسم سولەیمانی گرنگترە لە فەرمانی عەبادی" />

"قاسم سولەیمانی فەرمانڕەوایی عێراق دەكات"
حەشدی شەعبی: فەرمانی قاسم سولەیمانی گرنگترە لە فەرمانی عەبادی

:: PM:02:42:15/10/2016 ‌


سێیەم پیاوی نێو ریزی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و فەرماندەی میلیشیاكانی "خۆراسان" كە لە عێراق و سووریا شەڕ دەكەن ئاشكرای كرد، كە ئەوان لەژێر فەرمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی كار دەكەن، بە پلەی یەكەم فەرمانەكانی ئەو جێبەجێ دەكەن بەر لە جێبەجێكردنی فەرمانی حكوومەتی عێراق.

حامید ئەلجزائیری فەرماندەی میلیشیاكانی خۆراسان و سێیەم پیاوی نێو حەشدی شەعبی دوای هادی عامری و مەهدی موهەندیس لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی "میزان"ی ئێرانی  ئاشكرای كرد، فەرماندەكانی حەشدی شەعبی لە ئێران مەشق و راهێنانیان پێ كراوە و زۆرینەشیان عێراقین، پێشتر لە تەك پاسدارانی ئێران دژی رژێمی بەعس جەنگاون.

هەروەها دەڵێ، شوێنكەوتوویەكی ویلایەتی فیقهی بۆ خامنەیی لە عێراق و سووریا زۆرن، بۆیە مافی ئێرانە لە رووی سەربازییەوە لە رێی سوپای پاسدارانەوە دەست وەربداتە عێراق و سووریا.

ئاماژەی بەوەش داوە، كە قوربانی و خوێنی حەشدی شەعبی بۆ بەرگریكردنە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران.

لەبارەی قاسم سولەیمانی و بوونی لە عێراق، جەزائیری دەڵێ، ئەو پیاوە كەسێكی نائاسایییە، ئێمە وەك حەشدی شەعبی وەفادارین بەرامبەر بە قاسم سولەیمانی، ئەو كەسێكی بوێر و چاونەترسە، لەبەر ئەوە حەیدەر عەبادی تەواوی دۆسیەی سەربازی و تەناهی و فەرماندەی كردەوە سەربازییەكانی ڕادەستی قاسم سولەیمانی كرد، ئێستە پێگەی قاسم سولەیمانی لە فەرمانڕەوایی عێراق یەكسانە لەگەڵ پێگەی حەیدەر عەبادیدا.

لە بەرامبەر ئەو قسانەی حامید جەزائیری، سەركردە لە ڕەوتی سەدر حوسێن بەسری دەڵێ، جەزائیری راستگۆیە لە قسەكانی و ئەو كۆیلەی ئێرانە، بەڵام درۆ دەكات لەوەی تەواوی گرووپە چەكدارییەكانی شیعە لە ژێر دەستی قاسم سولەیمانیدا بن، گرووپگەلی زۆر هەن كە شانازی بە عەرەبیبوونی خۆیان و وەلائیان بۆ مەرجەعیەتی نەجەف دەكەن، دان بە مەرجەعیەتی خامنەیی و قومدا نانێن.

وشە/العربی الجدید، و:باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د