لە مووسڵ سوپای عێراق لە ترسی هێرشی داعش ئەم ڕێوشوێنە دەگرێتە بەر

:: PM:12:11:03/01/2017 ‌
دوای پێشڕەوییەکانی دوو ڕۆژی رابردووی هێزە عێراقییەکان لە میحوەرەکانی مووسڵ، لە ئێوارەی دوێنێوە رێوشوێنی خەندەق دروستکردن و سەنگەربەندییان گرتووەتە بەر تا مەترسیی هێرشەکانی داعش نەهێڵن.

ئەمڕۆ سێشەم‌، ئەفسەرێک لە سوپای عێراق رای گەیاندووە کە ڕەوشی سوپا لە زۆربەی میحوەرەکان باشە، بە تایبەت دوای پێشڕەوی لە گەڕەکی کەرامەی بەشی رۆژهەڵاتی مووسڵ و گەڕەکەکانی سەلام و شەیما لە بەشی باشوور، هەروەها لە ئامانجگەلی تر‌ی داعشیش دراوە.

ئەو ئەفسەرە گوتی، لە زۆربەی میحوەرەکان سەنگەربەندییان کردووە، بەو پێیەی زانیارییان بۆ هاتووە بەوەی داعش مەبەستی هێرشکردنی بۆ سەر ئەو ناوچانە هەیە کە تازە سوپای عێراق ئازادی کردوون.

"بەربەستی خۆڵین دروست کراوە و ناوچە ئازادکراوەکان بەجۆرێک پارێزبەند کراوە کە شکاندنی بەربەست و سەنگەرەکان لەلایەن داعشەوە ئەستەم بێت" ئەفسەرەکە وای گوت.

لە هاوشانی ئەو رێوشوێنەدا، یەکەکانی سوپای عێراق، شوێن و مۆڵگەی داعش بۆمبباران دەکەن، فڕۆکەکانی هاوپەیمانانیش هێرش و گورزەکانیان بۆ سەر پێگەکانی داعش چڕ کردووەتەوە، بە جۆرێک شانەی میدیای جەنگی، رای گەیاندووە کە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان 20 هێرشیان کردووەتە سەر مۆڵگەکانی داعش لە مووسڵ و چەندان چەکداریان لێ کوشتوون و ئامێری زۆریان لێ پەک خستوون.

هاوکات فڕۆکەکانی عێراقیش 35 هێرشی ئاسمانییان ئەنجام داوە و حەوت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان تێک شکاندووە و 63 چەکداری داعشیشیان کوشتووە.

لە لایکی ترەوە، وەزارەتی بەرگریی عێراق رای گەیاند، بنکەی ئاسمانی گەیارەی باشووری مووسڵ، 24 سەعات بۆ هەستان و نیشتنەوەی فڕۆکە ئامادەیە.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لعه‌ره‌بیه‌


وشە - مامه‌یاره‌ ئه‌حمه‌د