نرخی ئۆتۆمبێل دادەبەزێت

:: AM:10:11:31/03/2019 ‌
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بە گوێرەی ئەو ڕێنوێنییانەی لە بەغداوە هاتوون بەپێی چەند تایبەتمەندییەك گۆڕانکاری لە گومرگی ئۆتۆمبێل کراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 31ـی ئادار، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە گومرگی ئۆتۆمبێل گۆڕانكاری كراوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، گۆڕانكارییەكە بەگوێرەی مۆدێل و جۆرەکان بۆ ئۆتۆمبێل كراوە، بۆیە ئەوە وردەكارییەكی زۆری هەیە و لە خاڵە گومرگییەكان ڕاگەیەنراوە.

پێشتر بەڕێوەبەری پێناسی گومگری عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، گۆڕانكاری لە پێناسی گومرگی دەبێتە هۆكاری دابەزینی نرخی ئۆتۆمبێل لە تێكڕای گشتی سەر سنوورەكان 500 دۆلار نرخەكەی كەم دەبێتەوە، ئەوەیش ئاسانكاری دەبێت بۆ هاووڵاتییان.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، بڕیارە ئەمساڵ سەرانسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە یەك جۆر پێناسی گومرگی هەبێت، ئەوەیش بۆ پاراستنی یەك نرخی و جیاوازی نەكردن لە نرخی كاڵا و كەلوپەلەكان.



وشە - رامیار جەواد