پۆلیسی ئێران بۆ پاسەوانیکردن لە بەرپرسانی ژنی ئەو وڵاتە هێزێکی تازەی بەناوی "ژنانی پاسەوان" دامەزراندوە و هەر بەرپرسێکی ژن ئارەزووی لەسەر بێت دەتوانێت داوا بکات ئەو هێزە پاسەوانی بکەن.
ئەمڕۆ سێشەم سێی کانوونی دووەم/یەنایەر ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند، پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ یەکەمجار هێزێکی تایبەتی لە ژنان پێک هێناوە بۆ پاسەوانی کردنی کەسایەتییەکان.
هیدایەت ئەلبورزی، فەرماندەی گشتی یەکەکانی پاسەوانیکردن لە کەسایەتییەکانی سەر بە پۆلیسی ئێران رای گەیاند، لەمڕۆ بەدواوە بەپێی یاسای ناوخۆیی مۆڵەتی ئەوە دراوە سوود لە ژنان ببینن بۆ پاسەوانیکردنی کەسایەتییەکان.
زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەوان ئامادەیی خۆیان پێشان داوە بۆ ئەوەی پاسەوانی ژن بۆ بەرپرسە ژنەکان دابین بکەن و ئەوەی ماوەتەوە خواستی بەرپرسە ژنەکانە کە ئایا داوا دەکەن ئەو هێزە وەک پاسەوانی تایبەتی خۆیان بەکار بهێنن.
ئەو بەرپرسەی پۆلیسی ئێران ئاماژەی بەوەیش دا، ئێمە ئارەزو دەکەین بەرپرسە ژنەکان داوا بکەن ئەو هێزە تایبەتە پاسەوانیان بکات لەبەر ئەوەی هەم دەتوانن ئاسوودەتر بە کارەکانیان را بگەن و هەم ئەرکی پۆلیسیش ئاسانتر دەکەنەوە.
ئەو هەوڵەی پۆلیسی ئێران لەکاتێکدایە مانگی تەموزی ساڵی رابردو راپۆرتێک لەسەر پاسەوانانی تایبەتی بەرپرسە باڵاکانی ئێران بڵاو کرایەوە و تیایدا ئاماژە بەوە درا، پۆلیس و ناوەندە تەناهییەکانی سەر بە ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لەرێگەی پاسەوانە تایبەتەکانەوە سیخوڕی بەسەر بەرپرساندا دەکەن.
بەڵام لەو راپۆرتەدا دووپات کرابۆوە، ئەو یاسایە تەنیا بەرپرسانی ژن ناگرێتەوە، لەبەر ئەوەی پاسەوانەکانیان بەپێی رینماییەکان، بۆیان نییە لە هەمو شوێن و کاتێکدا لە تەنیشتیانەوە بن.
سەرچاوە/ تەسنیم