دووكەڵی بیرە نەوتەكانی داعش دەگاتە هەولێر و تەندروستی هۆشداری دەدات

:: PM:02:54:15/10/2016 ‌



بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر هۆشداری لە دووكەڵی سووتاندنی بیرە نەوتەكانی داعش دەدات كە بە ئاسمانی هەولێردا بڵاو بووەتەوە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشیی سییەكانیان هەیە.

بەهۆی سووتاندنی كێڵگە نەوتییەكانی نزیك مووسڵ لەلایەن داعشەوە، دووكەڵێكی زۆر ئاسمانی شاری هەولێر گرتووە، لەپاڵ بەرزبوونەوەی تۆز لە ئاسماندا بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا.

فاخیر كرمانجی بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "ئەم دووكەڵەی كە ئاسمانی هەولێری گرتووە كاریگەری دەكاتە سەر تەندروستی هاووڵاتییان دەبێت، بۆیە پێویستە ئاگەداری تەندروستیی خۆیان بن. سەرباری ئەوەی كە دووكەڵەكە شێوەی ستوونی وەرگرتووە، ئەوەش وا دەكات كاریگەری كەمتر بێت بەراورد بەوەی ئەگەر دووكەڵەكە شێوەی ئاسۆیی وەربگرێت".

كرمانجی دەڵێ‌، "پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی نەخۆشیی سییەكانیان هەیە یان كێشەی هەناسەدانیان هەیە، دەمامكی تایبەت ببەستن".

لای خۆشیەوە ئەژی چەتۆ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "خۆشبەختانە تا كۆتای ئەم هەفتەیە باران نابارێت، بۆیە مەترسی زیانەكانی دووكەڵەكە كەمە".

بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێم دەڵێت، " ئەم دووكەڵە كە ئاسمانی هەولێری گرتووەتەوە، مەترسی زۆری بۆ بەروبوومە كشتوكاڵییەكان هەیە، بەڵام لە ئێستەدا بە دیار ناكەوێت".

پێشتر رائید ئەمین شێخانی گوتەبێژی لیوای 91ی سوپای عێراق بە "وشە"ی راگەیاند بوو، چەكدارانی داعش لە پێنجشەمی رابردووەوە، ئاگریان لە بیرە نەوتەكانی نزیك شارەدێی شۆڕەی نێوان گەیارە و حەمام عەلیل بەرداوە بۆ ئەوەی خۆیان لە مەترسی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكان بپارێزن.

وشە /هەولێر-رامیار جواد
پێداچوونەوە: ر. ف


وشە - ڕێبین فه‌تاح