تاڵەبانی: سەرۆكایەتی هەرێم نوێنەرایەتی هەموو خەڵكی كوردستان دەكات

:: PM:08:49:03/04/2019 ‌

ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی هەموو خەڵكی كوردستان دەكات و ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتیش لەبەرژەوەندی گشتییە.

بێگەرد تاڵەبانی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دوابەدوای كۆبوونەوەی پەرلەمان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕای گەیاند، پابەندی بڕیارەكانی حزبەكانمان دەبین و چاوەڕوانی دانوستانەكانی یەكێتی و پارتی دەبین لەچەند رۆژی داهاتوودا.

دووپاتی لەوە كردەوە كە لەسەر داوای حزبەكەیان بەشداری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستانیان كردووە و یەكێتی نەیویستووە نە لەئێستە و نە لەرابردووشدا خۆی لەبەرپرسیارێتی بدزێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ڕوونی كردەوە كە پرۆژە یاسای هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هیچ خواستێكی یەكێتی تێدانەبووە، بەڵام فراكسیۆنەكەمان بۆ دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمان چاوەڕوانی دانوستانەكانی یەكێتی و پارتی دەكات. هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی هەموو خەڵكی كوردستان دەكات.

تاڵەبانی لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتی، رێككەوتنی یەكێتی و پارتی خواستی خەڵكی هەرێمی كوردستانی تێدا رەچاو كراوە و لە بەرژەوەندی گشتییە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم