‎ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى بارزانى و هۆلاند ئاشکرا دەبێت

:: PM:06:14:03/01/2017 ‌
دوێنى فڕانسوا هۆلاند سەرۆک کۆمارى فەڕەنسا گەیشتە شارى هەولێر ئەمە دووەم جارە سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی هەولێر دەکات و پێشتریش لە مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2014 هۆڵاند سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى مەسعوود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و فڕانسوا هۆلاند سەرۆک کۆمارى فەڕنسا، مەسڕوور بارزانى ڕاوێژکارى ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان، چەند زانیاریەک ئاشکرا دەکات و دەڵێت هۆلاند ڕاى گەیاند،لە داهاتووشدا لە پاڵپشتیکردن و پاراستنی گەلی کوردستان بەردەوام دەبێت و هەر کەسێک سەرۆکی فەڕەنسا بووبێت ئەو پەیوەندییە هەر بەهێز بووە و لە داهاتوویشدا هەر وا دەبێت.

ئەمەش دەقى نوسراوەکەى مەسروور بارزانى :

 کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ فرنسوا ئۆلاند سەرۆک کۆماری فڕەنسا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک کۆماری فەڕەنسا دەکات

‎ڕۆژی دووشەممە ٢ـی١ـی٢٠١٧ فرانسوا هۆڵاند سەرۆکی کۆماری فەڕەنسا بە یاوەری شاندێکی حکوومەتی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا پێشوازی لێ کرا.

‎دواتر سەرۆک بارزانی و سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەکەی سەردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کرد لە سەر چیای زەرتک و سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە نزیکەوە ستایشی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕای گەیاند کە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە پێشمەرگە ئازاکان دەکەم کە پێشتر لێرە بەرگرییان کرد و دواتریش لێرەوە پێشرەوییان کرد و داعشیان تێکشکاند و ڕێگەیان بۆ سوپای عێراق خۆش کرد تا بەرەو مووسڵ پێشڕەوی بکەن. لەو بەسەرکردنەوەیەدا ژمارەیەک ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە و ئەفسەرانی وڵاتی فەڕەنسا کە لەچوارچێوەی تیمەکانی هێزی هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە کوردستانن، ئامادە بوون.

‎دوای ئەم سەردانە، لە شاری هەولێر سەرۆک بارزانی و سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەکەی کە پێکهاتبوون لە جێن یۆڤیس لێدریان وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و مارک بارێتی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ژمارەیەک ڕاوێژکار و بەرپرسی حکوومەتی فەڕەنسا و دۆمێنیک ماس کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر کۆبوونەوە.

‎لەم کۆبوونەوەیەدا کە بەڕێزان کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی کوردستان وحەمەی حاجی مەحموود و کەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و سەربازی ئامادەی بوون، سەرۆک بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆکی فەرەنسا و شاندە یاوەرەکەی کرد و سوپاسی سەرۆک هۆلاندی کرد کە بۆ جاری دووەم سەردانی کوردستان دەکات و ئەم سەردانەی بە مێژوویی و کاریگەر وەسف کرد و پیرۆزبایی ساڵی نوێی لە سەرۆکی فەڕەنسا کرد و هیوای خواست ساڵی نوێ بۆ فەڕەنسا و تەواوی جیهان ساڵی ئاشتی و ئارامی بێت. 

‎سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرۆک و گەلی فەڕەنسای کرد بۆ بەدەنگەوەهاتن و یارمەتیدان و هاوکاریکردنی گەلی کوردستان و ڕایگەیاند کە جێگەی شانازییە کوردستان دۆستێکی مەزنی وەک گەلی فەڕەنسای هەیە. سەرۆک بارزانی ئەوەیشی بۆ سەرۆکی فەڕەنسا خستەڕوو کە فەڕەنسا لە ڕۆژە سەختەکاندا هەردەم لەتەک گەلی کوردستان وەستاوە. سەرۆک بارزانی هەوڵەکانی فەڕەنسای بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و دروستکردنی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لەشەڕی دژی تیرۆردا بەرز نرخاند. جەختیشی کردەوە کە بە تێکشکاندنی داعش لە موسڵ، تیرۆر کۆتایی نایەت و بە شێوە و ناوی دیکە دەبنەوە هەڕەشە، بۆیە پێویستە هەموو ئاشتیخوازان و مرۆڤدۆستەکان هاوکاریی یەکتر بکەن بۆ تێکشکاندنی تیرۆر کە بۆتە هەڕەشە بۆسەر هەموو مرۆڤایەتی.

‎هەر لەم کۆبوونەوەیەدا سەرۆک کۆماری فەڕەنسا سوپاسی سەرۆک بارزانیی کرد بۆ ئەو پێشوازییەی لێی کراوە و ڕای گەیاند کە ئەمڕۆی بۆ سەردانەکەی بۆ کوردستان هەڵبژاردووە تا پیرۆزبایی ساڵی نوێتان لێ بکەم و دەزانین لەو ساڵەدا تەحەدییاتی ئابووری هەن و کوردستان پێویستی بە هاوکاری دەبێت. هەروەها لەڕووی سیاسییەوە دەزانین کوردستان ڕۆڵی لە پێشهاتەکاندا دەبێت چونکە کوردستان هۆکاری سەقامگیرییە لەناوچەکەدا. دووپاتیشی کردەوە کە پەیوەندیی نێوان فەڕەنسا و گەلی کوردستان پەیوەندییەکی مێژووییە و فەڕەنسا هەمیشە لە ڕۆژە سەختەکاندا پاڵپشتی کوردستان بووە و لە داهاتووشدا لە پاڵپشتیکردن و پاراستنی گەلی کوردستان بەردەوام دەبێت و هەر کەسێک سەرۆکی فەڕەنسا بووبێت ئەو پەیوەندییە هەر بەهێز بووە و لە داهاتوویشدا هەر وا دەبێت. سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ستایشی قارەمانێتیی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە ئەو ئازایەتییەی پێشمەرگە پێشانی دا بووە هۆی شانازیی بۆ کوردستان و بۆ ئێمەیش.

‎هەروەها سەرۆکی فەڕەنسا ستاییشی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کرد بۆ پاراستن و حەواندنەوەی ژمارەیەکی زۆری پەنابەر و ئاوارە و کوردستانیشی بە نموونەیەک زۆر باش وەسف کرد لە پێکەوەژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جۆراوجۆرەکان و ڕایگەیاند فەڕەنسا ستایشی ئەم پێکەوەژیانەی کوردستان دەکات و پارێزگاری لەم فرەیی و پێکەوەژیانە دەکات.

‎لەدوای کۆبوونەوەکە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی کۆماری فەڕەنسا بەشداری پڕێسکۆنفڕانسێک بوون و ناوەڕۆکی کۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان باس کرد. لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەشدا بەرێز فڕانسوا هۆلاند جارێکی دیکە ستایشی ئازایەتیی پێشمەرگەی کرد و ڕای گەیاند ئەگەر ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە نەبوایە، تێکشکاندنی داعش کارێکی مەحاڵ بوو. پێش جەند کاتژمێرێک سەردانی بەرەکانی شەڕمان کرد، ئەو شوێنانە بە خوێنی پێشمەرگە ئازادکراون و ئەو پێکهاتانەی لەو ناوچەیە دەژین چیتر لە ئایندەی خۆیان ناترسن. ڕاشیگەیاند کە دوای ئازادکردنی موسڵ پێویستە چارەسەرێکی سیاسی هەبێت بۆ ئەوەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی ناوچەکە بە ئاشتییانە پیکەوە بژین و ئیدارەیەکی باش هەبێت کەژیانی هەمووان لە سایەیدا مسۆگەر بێت.

‎هەر ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢ـی١ـی٢٠١٧ بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، بەڕێز فڕانسوا هۆلاند سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، کۆمەڵێک هاوکاریی مرۆیی کە بۆ ئاوارەکانی هێنابوو، ڕادەستی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.

‎دواتریش سەرۆکی فەڕەنسا و شاندی یاوەری کۆتاییان بە سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومیی هەرێمی کوردستان بەڕێ کران.



وشە - رامیار جەواد