بڕیاره ڕۆژی یه‌كشه‌م حه‌وتی نیسان، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی كانوونى دووه‌مى ئه‌مساڵى فه‌رمانبه‌ران بكات و یه‌كه‌م وه‌زاره‌تیش پێشمه‌رگه وه‌ری ده‌گرێت.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى پێنجى نیسان، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، ڕۆژی یه‌كشه‌م دابه‌شكردنی مووچه‌ی یه‌كی ئه‌مساڵ ده‌ست پێ ده‌كات یه‌كه‌م شوێن كه مووچه ده‌گرێت دیوان و لیواكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن.
سه‌رچاوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌وه‌یشی گوت، "ڕۆژی دووشه‌م هه‌شتی نیسان هه‌ردوو یه‌كه‌ی حه‌فتا و هه‌شتا مووچه وه‌رده‌گرن و ڕۆژی سێشه‌م نۆی نیسان به‌هۆی ئه‌وه‌ی پشوی فه‌رمییه، مووچه دابه‌ش ناكرێت".
ڕوونیشی كرده‌وه، ڕۆژی چوارشه‌م 10ی نیسان، مووچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده دابه‌شده‌كرێت، هه‌روه‌ها ڕۆژی پێنجشه‌م 11ی نیسان، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و ته‌ندروستی دابه‌ش ده‌كرێت.