ئەمەریكا: پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكەین

:: PM:04:51:06/04/2019 ‌
لە نوێترین هەڵوێستدا لە بارەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا پشتگیری خۆی بۆ ئەو دەوڵەتە رادەگەیەنێت. دینیس ناتالی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە دەڵێ، پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكەین.

ئەمڕۆ شەموو شەشی نیسان/ ئەپرێل، دینیس ناتالی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند، وڵاتەكەی پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكات ئەگەر بەغدا رەزامەندی لەسەر بدات.

ناتالی لەمیانی پێشكەشكردنی كۆڕێك لە واشنتن لەبارەی سەربەخۆی گەلان، دووپاتی لەوە كردەوە كە سیاسەتی وڵاتەكەی لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی وڵاتاندایە.

قسەكانی ناتالی لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی ئەنجام دا و 72%ی خەڵكی كوردستان بەشدارییان تێدا كرد و 93% دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا نەك مانەوە لە چوارچێوەی عێراق.

سەركردایەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی حوزەیرانی 2017 ئەنجوومەنی ریفراندۆمیان دامەزراند كە نوێنەری هەموو حزبەكان تێیدا ئەندام بوون، ئەوكاتیش گرەوی زۆر لەسەر پشتگیری ئەمەریكا لە ریفراندۆم و دەوڵەتی كوردستان كرا، بەڵام تا ئەنجامدانی ریفراندۆمیش ئەمەریكا هیچ هەڵوێستێكی فەرمی لە دژی ریفراندۆم یان پشتگیریكردنی دەرنەبڕی جگە لە نامەكەی ریكس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ئەمەریكا كە داوای دواخستنی ریفراندۆم و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا كردبوو بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كە ئەگەر تا دوو ساڵی تر كێشەكان چارەسەر نەبن ئەوا هەرێمی كوردستان بۆی هەیە دەوڵەت رابگەیەنێت.

دینیس ناتالی لەبارەی ناڕەزایەتی ئەمەریكا بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان گوتی، "ئەمەریكا دژ بە سەربەخۆیی كوردستان نییە ئەگەر بەغدا رەزامەندی لەسەر بدات".

بەڵام پیتەر گالبریس شارەزا و دیپلۆماتكاری ئەمەریكی لە كۆڕەكەی دینیس، رەخنەی توندی لە سیاسەتی وڵاتەكەی گرت بەرانبەر بە پرسی سەربەخۆیی گەلان، زیاتر گوتی "پێویستە واشنتن بەرانبەر بە توندوتیژی بوەستێتەوە، ئەو سیاسەتش هەڵەیە كە پشتگیری لە یەكێتیی خاكی وڵاتان دەكات، تەنانەت ئەمە هەڵەیەكی ستراتیجییە".

هەر لە كۆڕەكەدا ناتالی و گالبریس كۆك بوون لەسەر ئەوەی پێویستە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە بارەی سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان لەگەڵ بەپرسانی عێراقی بگەن بە رێككەوتن و هەردوولا باوەڕ بە یەكتر بهێنن.



وشە - فه‌رمان سادق